نەخۆشخانەى ڕزگارى: هیچ کێشەیەکى ئۆکسجین لە نەخۆشخانەکەمان نییە

:: PM:02:57:01/08/2020 ‌
نەخۆشخانەی ڕزگاریی هەولێر کە لە ئێستەدا تایبەتکراوە بە تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرایان کرد، ئۆکسجینیان بە زیادەوە هەیە.

ئەمڕۆ شەموو یەکی ئاب، نەخۆشخانەی ڕزگاریی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا روونکردنەوەیان لەبارەی ئەو بڕە ئۆکسجینە دا کە لەلایەن لایەنێکی سیاسییەوە پێیان گەیشتبوو، دەڵێن، بە یەدەگەوە ئۆکسجینمان هەیە و پێویستمان نییە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، بۆ هاوولاتییانى خۆشەویست و ڕاى گشتى روون دەکەینەوە، شەوی ڕابردوو وا پیشاندرا گوایە ئۆکسجین لە نەخۆشخانەکەمان نەماوە، هەرچەندە ڕامان گەیاند ئەم هەواڵە دوورە لە راستیەوە، کەچی ئەمرۆ چەند بوتڵێکى ئۆکسجین بە ناوى لایەنێکى سیاسى هێنرابووە نەخۆشخانە لەکاتێکدا بڕى تەواو بەیەدەگەوە هەیە.

ڕوون کراوەتەوە، جارێکى تر ڕایدەگەیەنین کە هیچ کێشەیەکى ئۆکسجین لە نەخۆشخانەکەمان نییە، بەداخەوە بۆ ئەو چەواشە و دڵەراوکێیانە کە لە سۆشیال میدیا و دەزگاکانى راگەیاندن بلاو دەکرێتەوە کە دوورن لە ڕاستییەوە.

لە ڕگەیەنراوەکەدا هاتووە، بەردەوامین لە خزمەتکردنى نەخۆشان و داوا دەکەین لێبگەرێن خزمەتگوزارى چارسەرى بە رێگاى راست و زانستى خۆیدا بروات.


وشە - ڕێناس شابان