سەرەڕای قەدەغەی هاتوچۆش ناوچە گەشتیارییەکان جمەیان دێت

:: PM:03:09:01/08/2020 ‌
سەرەڕای قەدەغەی هاتوچۆ لە نێوان شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بەڵام ناوچە گەشتیارییەکان جمەیان دێت لە گەشتیار، بەپێی زانیارییەکانی "وشە" تا ئێستە نزیکەی 10 هەزار گەشتیاری خواروو و ناوەڕاستی عێراق هاتوونەتە سلێمانی.

ئەمڕۆ شەموو یەکی ئاب، نادر ڕۆستی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، بە "وشە"ی ڕاگەیاند: بۆ پرسی هاتنی گەشتیاری دەرەکی بەهۆی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، دەسەڵات بە ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگا و دەستە سەربەخۆکان دراوە، بەپێی دۆخی شارەکان ڕێگە بەهاتنی گەشتیار بۆ هەرێم بدەن. 

زیاتر گوتی: لە سنووری پارێزگای هەولێر جووڵەیەکی باشی ناوخۆیی بەدی دەکرێت، ناوچە گەشتیارییەکانی چۆمان و سۆران جمەیان دێت لە گەشتیار، بەپێی زانیارییەکانمان کابینە و کەپری گەشتیاری لەو دوو شارۆچکەیە نەماون هەمووی گیراون و پڕن لە گەشتیار.

نادر ڕۆستی ئاماژەشی دا، ئێستە زۆربەی ناوچە گەشتیارییەکانی سلێمانی و هەولێر کراونەتەوە، تەنها دهۆک ماوە کە هێشتا وەک پێویست ناوچە گەشتیارییەکانی نەکراونەتەوە.

ڕۆستی باسی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی کرد و گوتی، ئەوە سەرەتا بۆ ئەوانەیە داهاتیان باشە و بە ڤی ئای پی، سەفەر دەکەن، بەڵام بووژانەوەیەکی باش لە ڕووی گەشتیارییەوە دەهێنێتە ئاراوە.

لە بارەی سلێمانییەوە، بەپێی زانیارییەکانی "وشە"، لە یەکەم رۆژی جەژندا پێنج هەزار گەشتیاری خواروو و ناوەڕاستی عێراق روویان لە ناوچە گەشتوگوزارییەکانی شارەکە و دەوروبەری کردووە.

"وشە" پێوەندیی بە عەلی ڕەئووف بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانییەوە کرد، بەڵام ناوبراو زانیاری لەو بارەیەوە نەبوو.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - ڕێناس شابان