كەسانێك پارە لە شوفێران وەردەگرن

:: PM:07:51:01/08/2020 ‌
لە نێوان شارەدێی مەیدانی سەربە ئیدارەی گەرمیان  و شارۆكەی بەمۆی سەربە پارێزگای هەڵەبجە بەناوی دروستكردنی پرد و پاراستنی پردێكی ئاسنین، رۆژانە پارە لە نزیكەی  400 شۆفێری بارهەڵگر وەردەگیرێت.

ئەمڕۆ شەموو یەكی ئاب، شێرزاد عەلی یەكێك لە شۆفێرانی گەرمیان بۆ مەرزی پشتە لەنێوان شارەدێی مەیدانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و شارۆكەی بەمۆی سەربە پارێزگای هەڵەبجە هاتوچۆ دەكات بە"وشە"ـی راگەیاند، رۆژانە نزیكەی 400 شۆفێری ناوچەكانی گەرمیان و دەربەندیخان، بۆگەیشتن بەمەرزی پشتەو دەوورووبەری بەسەر پردی سنووری مەیدان هاتوچۆ دەكەن بۆ هەر شوفێرێك كەبەسەر ئەو پردەدا دەڕوات لانی كەم پێنج هەزار دینار وەردەگیرێت.

ئەو شوفێرە گوتی، ئەوكەسانەی پارە وەردەگرن ماوەی مانگێك دەبێ بەردەوامن لەوكارەیان و هیچ پێوەندیەكیشان بە حكوومەتەوە نیە، ئەوەیش لە كاتێكدایە نازانرێ ئەم پارە وەرگرتنە تاكەی بەردەوام دەبێت.

بیانوویان ئەوەیە بەشێوەی كاتی پردیان بۆ هاووڵاتییان دروستكردووە
باسی لەوەشكرد، بەرپرسانی گەرمیان لەو گەندەڵییە ئاگەدارن، بەڵام ئەوانی كە پارە لە شۆفێران وەردەگرن بیانوویان ئەوەیە بەشێوەی كاتی پردیان بۆ هاووڵاتییان دروستكردووە.

تاریق مەحموود سەرۆكی شارەوانی مەیدان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پردی ئاسنینی مەیدان بەرگەی باری قورسی زیاتر لە 30 تۆن ناگرێ و دادەڕمێ ئەوكەسانە لەنزیكی ئەو پردە ئاسنینەوە پردێكیان دروستكردووە لە سەر ئەستۆی خۆیان بۆیە پارە لە شۆفێرانی بارهەڵگر وەردەگرن و پارەكە بۆخۆیان دەبێ.

بەبێ ئاماژەكردن بەكاتی چاك كردنی پردە ئاسنیەكە، سەرۆكی شارەوانی مەیدان، گوتی، تا ئەوكاتەی پردی ئاسنینی ئەو رێگەیە چاك دەكرێ و بەشێوەی كاتی پارە لە شۆفێرانی بارهەڵگر وەردەگیرێت.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی 



وشە - رامیار جەواد