چوار تیرۆریست لەناو خاکی ئیسڕائیل کوژران

:: AM:09:28:03/08/2020 ‌
سوپای ئیسڕائیل ئاشکرای دەکات، چوار تیرۆریست لەکاتی بەزاندنی سنووری ئەو وڵاتە لەلایەن هێزەکانیانەوە کراونەتە ئامانج و کوژراون.
ویستوویانە بە نهێنی بچنە ناو خاکی ئیسڕائیل

ئەمڕۆ دووشەم سێی ئاب، ئاژانسی هەواڵی دویچەڤێلە بڵاوی کردووەتەوە، سوپای نیشتیمانی ئیسڕائیل لە راگەیەنراوێکدا کوشتنی چوار تیرۆریستی بڵاو کردووەتەوە.

زیاتر روون کراوەتەوە، ئەو چوار تیرۆریستە لەکاتی بڕینی سنووری نێوان سووریا و ئیسڕائیل کوژراون و ویستوویانە بە نهێنی بچنە ناو خاکی ئەو وڵاتەوە.

لەگەڵ راگەیەنراوەکەی سوپای نیشتیمانی ئیسڕائیل، ڤیدیۆی سنووربەزاندنی ئەو چوار تیرۆریستە بڵاو کراوەتەوە کە لەلایەن سوپاوە دەکرێنە ئامانج و هەرچواریان بەیەکەوە دەکوژرێن.

سوپای ئیسڕائیل حکوومەتی سووریای بە بەرپرسیار زانیوە و رای گەیاندووە، رژێمی سووریا بە بەرپرسی هەرجۆرە رووداوێک لەناو ئیسڕائیل دەزانین.

بەپێی چەند سەرچاوەیەک کە زانیارییان بە دویچەڤێلە داوە، ئەو تیرۆریستانە سەر بە حزبوڵا بوون و هەوڵەکانیان بۆ بڕینی سنووری ئیسڕائیل، ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی بووە لەو وڵاتە.

ئەو هەواڵە لەکاتێکدایە ماوەی شەش مانگە بێ بڕانەوە فرۆکەکانی ئیسڕائیل سەرجەم ئەو هێزانەی لەناو خاکی سووریا کردووەتە ئامانج کە سەر بە ئێرانن و بەپێی رێککەوتنیان لەگەڵ ئەمەریکا، ئیسڕائیل سوپای پاسداران و هێزەکانی سەر بەو گروپە لەناو خاکی سووریا دەکاتە ئامانج.



وشە - هیدایه‌ت جان