زانایان: دووەم شەپۆڵی كۆرۆنا لەوەی یەكەم بەهێزترە

:: PM:06:08:04/08/2020 ‌

لەوكاتەی ژماری تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا روو لە هەڵكشان دەكات، چاوەكان لەسەر دوو هەواڵی گرنگن، راگەیاندنی بەرهەمهێنانی یەكەم پێكوتەی دژ بە ڤایرۆسەكە، یان دەست پێكردنی دووەم شەپۆڵی كۆرۆنا، كە زانایان لەبارە توندی و بەهێزییەكەیەوە وریایی دەدەن.
بە كردنەوەی قوتابخانە و شوێنی كاركردن بەریەككەوتن زیاتر دەبێت
یەكێك لەو هۆكارە گرنگانەی شارەزایان باسی دەكەن، دۆخی دەروونی مرۆڤە كە كار دەكاتە سەر ئاستی بەرگری لەش لە بەرانبەر هێرشی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆیە رەنگە هەواڵەكان تۆقێنەر بن، بەڵام ئەویەبش دەگەیەنێت كە خۆپارێزی تا ئێستەیش باشترین چارەسەرە.

 توێژەران لە كۆڵیجی لەندەنی زانكۆیی و قوتابخانەی لەندەن بۆ پاراستنی تەندروستی و پزیشكی ناوچە گەرمەكان، وریاییان لەوە دا كە دنیا لە ژێر هەڕەشەی دووەم شەپۆڵی ڤایرۆسی كۆرۆنایە، بە شێوەیەكی بەهێزتر بە دوو هێند لە شەپۆڵی یەكەم، ئەوە ئەگەر ستراتیجیەتێكی دابڕینی تۆكمە لەگەڵ گەڕانەوەی قوتابیان بۆ خوێندن، دانەنرێت. 

توێژەران ئاماژە دەكەن، كردنەوەی قوتابخانەكان لە ئەیلوولی داهاتوو و دەست پێكردنەوەی كاركردن و زیادبوونی بەریككەوتنی كۆمەڵایەتی، رەنگە ببێتە هۆی دەركەوتنی شەپۆڵێكی توندتری ڤایرۆسەكە، بۆیە توێژەران پێشبینی دەكەن دووەم شەپۆڵ لە كانوونی یەكەمی 2020 بگاتە ئەوپەڕی بەهێزییەكەی و لە خراپترین دۆخدا، ئەو شەپۆڵە دوو بە قەدەر شەپۆڵی یەكەم بەهێزتر بێت، ئەگەر رێوشوێنەكانی خۆپارێزی توند نەكرێن. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل