ئێوارەی ئەمڕۆ تەقینەوەیەكی بەهێز بەیرووتی پایەتەختی لبنانی هەژاند، بەرپرسانی لبنانی لەبارەی زیانە گیانی و مایەكی و هۆكاری تەقینەوەكە لێدوانی جیاوازیان هەبوو، ئەوەی هەیە تەقینەوەكە لە ئەمبارێكی بەندەری بەیرووت رووی داوە و زیانی گەورەی گیانی و مایەكی هەبووە.
شارەزایان گومان لە لیدوانی بەرپرسانی لبنان دەكەن
مەروان عەبوود، پارێزگاری بەیرووت گوتی، ئێستە بەیرووت شارێكی كارەساتبارە و قەبارەی زیانەكانی زۆر گەورەیە، تەقینەوەكە بە هاوشێوەی تەقینەوەكانی هیڕۆشیما و ناكازاكی بووە.
حەمەد حەسەن، وەزیری تەندروستی لبنان دەڵێت، ئەوەی لە بەندەری بەیرووت رووی داوە بەهۆی تەقینەوەی ئەمبارێك بووە و ژمارەیەكی زۆر بریندار هەیە، لەوكاتەی میدیاكانی لبنان باسی ئەوە دەكەن، رووداوەكە بەهۆی تەقینەوەی ژمارەیەكی زۆر و بەیەكەوەی یاری ئاگرینەوە بووە.
ئاژانسی "رۆیتەرز"، لەبارەی زیانەكانەوە دەڵێت، ئاماری سەرەتایی تەقینەوە گەورەكەی بەیرووت، كوژرانی 10 كەس بووە، لەوكاتەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا لەبارەی تەقینەوەكە گوتی، چاودێری پەرەسەندنەكان لە بەیرووت دەكەین و هێشتا زووە قسەی لەسەر بكەین، لیوا عەباس ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی لبنان گوتی، ئەوەی رووی داوە تەقینەوەی یاری ئاگرین نەبووە.
زیاتر گوتی، ئەوەی تەقیوەتەوە مادەی زۆر بەهێزی تەقینەوە بووە كە ساڵانێكە دەستیان بەسەردا گیراوە، ناكرێت پێش لێكۆڵینەوە بكەوین و هبَزەكانی ئاسایش هۆكاری تەقینەوەكە دیاری دەكەن.
تا ئێستە ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەیرووت رووی دا روون نییە، لەبارەی هۆكار و جۆری تەقینەوە و زیانەكانی، ئەوەی هەیە شارەكە تووشی كارەسات و سەرسڕمان بووە و بەرپرسانی لێدوانی جیاواز دەدەن، زانیارییەكان ئاماژە بۆ دوو تەقینەوە دەكەن، یەكێكیان ئەوەندە گەورە بووە كە هەورێكی بە ئاسمانی بەیرووت دروست كردووە، جیا لەو وێرانكارییە گەورەی شارەكە و زیانە گیانییە زۆرەكەی.
بەدری زاهر، بەڕێوەبەری گومرگ لە لبنان دەڵێت، تەقینەوەكە بەهۆی كۆنتینەرێكی پڕ لە نیتراتی ئەمۆنیۆم بووە كە تەقینەوەی بەهێزی هەیە، ئەو دەستی بەسەردا گیراوە و لە ئەمبارێكی تایبەت بە مادەی كیمیایی لە بەندەری بەیرووت هەڵگیراوە، بەڵام زانیاری لەبارەی ئەو شوێنەی لێوەی هاتووە و ئەوەیشی بۆی دەچێت دیار نییە.
وەك لەوێنەی تەقینەوەكان دیارە، شارەزایان گومان لە قسەی بەرپرسانی حكوومەتی لبنانی دەكەن، ئەلیاس فەرەحات، شارەزای سەربازی دەڵێت، ئەو دووكەڵەی لە تەقینەوەكە دروست بووە، لەسەر شێوەی قارچك و رەنگی پەمەیی، ئاماژەیە كە تەقینەوەكە بەهۆی بۆمبێكی زۆر گەورەوە رووی داوە كە مادەی كیمیایی تیادایە، یان مووشەكبارانكردنێكی لەدوورەوە بووە، یان نزیكەی 10 تۆن تی ئێن تی تەقیبێتەوە.
رۆژنامەوان مونیر روبەیعی دەڵێت، ترسێك هەیە تەقینەوەكە بەهۆی كردنەئامانجی دەرەكییەوە روویدابێت، بۆ كۆنتینەرێك یان بەلەمێك كە چەك بۆ حزبوڵای لبنانی گواستبێتەوە، لەوكاتەی هێزە تەناهییەكانی لبنان ناوچەكەیان چۆڵ كرد بەهۆی بوونی مەترسی لە روودانی تەقینەوەی تر.