له زمانی كوردی و زۆربه‌ی زمانه‌كانی تریش له كاتی شیكردنه‌وه‌ی ڕێزماندا، جۆره ڕسته‌یه‌ك هه‌یه، كه كار و كردار دیارن، به‌ڵام بكه‌ر نادیاره، واته نازانرێ كێ كاره‌كه‌ی كردووه، له عێراق ئه‌م بنه‌ما ڕێزمانییه بۆ مه‌رگ و كوشتن گوێزراوه‌ته‌وه، له 2003ه‌وه به هه‌زاران هاووڵاتی كوژراون و ته‌رمه‌كانیان له‌سه‌ر شه‌قام فڕێدراوه، مامه‌ڵه به ڕفێنراوه‌كان كراوه، كه‌چی تا ئێسته بكه‌ری ئه‌و كارانه نادیاره و بووه‌ته مۆته‌كه و سێبه‌ر، هه‌ركات باسی لێوه ده‌كرێ، ئه‌و تاوانبارانه باڵ دروست ده‌كه‌ن و بۆ ئاسمان به‌رز ده‌بنه‌وه و هه‌رگیز نه‌زانراوه و نازانرێ كێن؟
دواجۆری ئه‌و تاوانه قێزه‌وه‌نه‌ی
گرووپه باڵگرتووه‌كان بۆ ئاسمان ئه‌نجامیان دا، بریتی بوو له كوشتنی هیشام هاشمی توێژه‌ر و شرۆڤه‌كاری سیاسی، ماوه‌یه‌ك به‌سه‌ر ئه‌و تاوانه‌یش تێپه‌ڕیوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كازمی چووه ماڵی هاشمی و به‌ڵێنی دا كه تاوانباران بدۆزێته‌وه و سزای قورسیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت، به‌ڵام ئه‌مه قسه‌ی هه‌موو به‌رپرسانی عێراق كه له دوای تاوانه قێزه‌وه‌نه‌كان له 2003ه‌وه تا ئێسته كردوویانه، وه‌كو هه‌موو به‌ڵێنه‌كانیانه له سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی تر بۆ پێشخستنی عێراق و به‌هێزكردنی ژێرخان، به‌ڵام هه‌مووی ده‌بێت به هه‌ڵم و له چاوتروكانێكی دوای ته‌واوبوونی به‌ڵێنه‌كه ئیتر له هزر و یادگه‌ی خودی به‌رپرسه‌كانیش ده‌چێته‌وه و خه‌ڵكه‌كه‌یش به هیواوه ده‌هێڵنه‌وه، هه‌رجاره‌ی دۆسیه‌ی كوژراوه‌كان له‌لایه‌ن بكوژه نادیاره‌كانه‌وه‌یش بێته به‌رباس، هه‌میشه به‌رپرسان ژماره‌یه‌كی زۆر له بیانوو ڕیز ده‌كه‌ن و خۆیانی پێ ده‌دزنه‌وه و جارێكی ترش به‌ڵێن ده‌ده‌نه‌وه كه به‌رده‌وام بن له گه‌ڕان بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران.
ئه‌م پرۆسه‌یه درێژه ده‌كێشێ، تا ماڵباتی ئه‌و كه‌سه‌ی كه لێیان كوژراوه یان ڕفێنراوه، بێزار ده‌بن له‌وه‌ی هه‌میشه ئه‌و پرسه له به‌رپرسان و له میدیاكان بوروژێننه‌وه، كه دۆسیه‌ی تاوانبارانی كوشتنی كه‌سه‌كانیان به كوێ گه‌یشت و بۆ بكه‌رانی نه‌گیران و نه‌دۆزرانه‌وه. عێراق له‌و ڕووه‌وه به یه‌كێك له سه‌مه‌ره‌ترین وڵاته‌كان داده‌نرێت، چونكه هێزه‌كانی ته‌ناهی ئه‌و وڵاته ئه‌و تاوانانه‌ی كه كاردانه‌وه و كاریگه‌ری گه‌وره‌یان هه‌یه، له ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێك ڕفێنراو ده‌دۆزنه‌وه، وه‌كی ئه‌وه‌ی له دۆسیه‌ی چالاكڤانه ئه‌ڵمانییه‌كه /هێلا میڤیس/ ڕووی دا، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئازادكردنی میڤیس كه‌چی بكه‌رانی ئه‌و تاوانه‌یش به بێده‌نگی و شاراوه‌یی ماونه‌ته‌وه.
عێراقییه‌كان..چه‌مكێكی زانستی زمانه‌وانیان لێ بووه‌ته مۆته‌كه و سێبه‌ر و هه‌رگیز نایدۆزنه‌وه
كه‌ڵه‌كه‌بوونی ئه‌و هه‌موو دۆسیه‌ی ڕفاندن و كوشتن و تاوانه زۆره له به‌غدا و شاره‌كانی تر له‌كاتێكدایه هه‌مووان تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی ئه‌و تاوانانه ده‌ناسن و دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی به گشتی و به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی سه‌ر به كۆماری ئیسلامی ئێرانن به‌رپرسن له‌و كارانه‌وه، به‌ڵام حكوومه‌تی عێراق به فه‌رمی نه‌یتوانیوه هیچ كارێك بكات و زانیارییه‌كی له‌م چه‌شنه پشتڕاست بكاته‌وه.
به گوته‌ی شاره‌زایان ئه‌مه له ده‌سه‌ڵات و توانای ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌تی عێراق نییه، به هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌كانییه‌وه سیسته‌می حوكمی عێراق ناتوانێ ئه‌و دۆسیانه یه‌كلایی بكاته‌وه، چونكه بكه‌رانی ئه‌و تاوانه قێزه‌وه‌نانه له سه‌رووی حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات و یاسا و دادگه‌وه‌ن، نموونه‌یش بۆ ئه‌وه بریتییه له هه‌ڵكوتانه سه‌ر باره‌گه‌یه‌كی حزبوڵای عێراقی و گرتنسی 14 كه‌سیان، كه له دره‌نگانی شه‌و ئه‌نجام درا و له به‌ره‌به‌یانی هه‌مان ڕۆژ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر باره‌گه‌یه‌كی دژه تیرۆری عێراق و بێ هیچ سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ك دواتر حكوومه‌تیان ناچار كرد، كه له‌به‌رده‌م ڕای گشتی خۆی شه‌رمه‌زار بكات و دووپات له‌وه بكاته‌وه، كه به هه‌ڵه گیراون!
دۆسیه‌كان هه‌ر كوشتنی هیشام هاشمی و ڕفاندنی چالاكڤانه ئه‌ڵمانییه‌كه نین، به‌ڵكو له ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردووه‌یش تا ئێسته نزیكه‌ی 700 خۆپێشانده‌ری عێراق كوژراون، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی كازمی یه‌كه‌م به‌ڵێنی ئه‌وه بوو كه بكه‌ر و بكوژی خۆپێشانده‌ران ده‌دۆزێته‌وه و ده‌یانخاته گرتووخانه‌وه و سزای یاسایان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت، به‌ڵام ئه‌مه نه‌ك هه‌ر ڕووی نه‌دا، به‌ڵكو له هه‌فته‌ی ڕابردوو له‌كاتی ده‌ستكردنه‌وه به خۆپێشاندان له‌لایه‌ن گه‌نجانه‌وه، له گۆڕه‌پانی ته‌حریر و ته‌یرانی به‌غدا دوو خۆپێشانده‌ری تریش كوژران.
به‌رپرسانی حكوومه‌ت و سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو و ئێسته‌یش هه‌میشه ئه‌و قسه‌یه دووباره ده‌كه‌نه‌وه، كه تاوانباران به سزا ده‌گه‌یه‌نن و له‌گه‌ڵ خۆپێشاندانی ئاشتیانه و دوور له توندوتیژین و نابێ به هیچ شێوه‌یه‌ك هێزه‌كان به گولـله ڕووبه‌ڕووی گه‌نجانی خۆپێشانده‌ران ببنه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ئه‌وان ده‌یڵێن بۆ میدیا و لایه‌نه خه‌یاڵییه‌كه‌یه و له واقیعی دۆخێكی تر ده‌گوزه‌رێ كه هیچ كه‌س نه‌یتوانیوه تا ئێسته چاره‌سه‌ری بكات.
بكوژی نادیار هه‌زاران تاوانی ئه‌نجام داوه و ده‌وڵه‌ت به هه‌موو توانا سه‌ربازی و دارایی و ته‌ناهییه‌كانی نایاندۆزێته‌وه
ڕێشه‌ی ئه‌و تاوانه به‌رنامه بۆ داڕێژراوانه بۆ دوای 2003 و پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی میلیشیاكان له ئێرانه‌وه بۆ عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی شه‌ڕی مه‌زه‌وی له نێوان سوننه و شیعه ده‌ستی پێكرد، كه هه‌ڵگرانی ناوی عومه‌ر و عه‌لی كۆمه‌ڵكوژ كران، كۆمه‌ڵكوژی جادرییه‌ی به‌غدا له دژی سوننه‌كان له‌لایه‌ن هادی عامری و به‌رپرسانی تری ئێسته‌ی حه‌شده‌وه ئه‌نجام درا، له‌وێوه درێژه‌ی كێشاوه و ئێسته‌یش گه‌یشتووه‌ته لووتكه و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و گرووپ و بكوژه نادیارانه زۆر به‌هێزترو گه‌وره‌تره له‌وه‌ی بیری لێ ده‌كرێته‌وه و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی عێراق توانای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یانی نییه.