بەڕێوەبەرایەتییەكی هەولێر داخرا

:: AM:10:37:05/08/2020 ‌
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و تووشبوونی ژمارەیەك لە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەكی هەولێر، كاروباری هاووڵاتییانی ڕاگرت.

ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی ئاب، توانا شێخ هادی پارێزەری یاسایی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، چەندان مامەڵە دواكەوتوون یان وەستاون.

ڕەنگە باج و سزادان بچێتە سەر مامەڵەكەیان وەك كاروباری كۆمپانیاكان و باجی ساڵانەی خانووبەرە
ئەو پارێزەرە گوتی، ڕاستە لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەری بڕیاری قەرەبووكردنەوە بۆ كارەكان دەرچووە، بەڵام بەشێك لە شوێنەكان بۆ كاروباری هاووڵاتییانە، لەو كاتە ئامادە نەبن ڕەنگە باج و سزادان بچێتە سەر مامەڵەكەیان وەك كاروباری كۆمپانیاكان و باجی ساڵانەی خانووبەرە.

 بەڕێوەبەرایەتی تۆماری كۆمپانیاكانی هەولێر لە ئاگەدارییەكدا ئاماژەی داوە، بەهۆی تووشبوونی بەشێك لە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان، ئەمڕۆ هیچ مامەڵەیەك وەرناگرین.

ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دووپاتی كردووەتەوە، ئێستە ناتوانین هیچ "مراجعێك" وەربگرین.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دەوام لە شارۆكەی كۆیەی سەر بە شاری هەولێریش وەستاوە.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ڕۆژانی جەژن لە سنووری هەولێر وایكرد، وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی كۆمەڵێك بڕیاری بەپەلە دەربكەن و بەشێكی زۆری شوێنە گشتییەكان دابخەن.

بەهۆی پابەندنەبوونی هاووڵاتییان بە ڕێنوێنییە تەندروستییەكان، ئێستە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەولێر پێنج هەزار هاووڵاتی تێپەڕاندووە.






وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 2621 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌