جەلیل گادانی کۆچی دوایی کرد

:: AM:10:23:06/08/2020 ‌
کەمێک پێش ئێستە جەلیل گادانی، سیاسەتمەدار و شۆڕشگێڕی ناوداری کورد دوای حەوت دەیە تێکۆشان بەهۆی نەخۆشی کۆرۆناوە کۆچی دوایی کرد.
حەوت دەیە بێ بڕانبەوە لەناو خەباتی رزگاریخوازانەی کورددا تێکۆشانی کردووە

ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی ئاب، سکرتاریای حزبی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ڕادەگەیەنین کە ئەمڕۆ پێنجشەممە جەلیل گادانی، سیاسەتمەدار، کەسایەتیی دیاری سیاسیی کورد و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی سیاسیی کورد، پاش حەوت دەیە تێکۆشانی سیاسی لە پێناو ڕزگاریی نەتەوەکەیدا، کۆچی دوایی کرد.

زیاتر روون کراوەتەوە، جەلیل گادانی ماوەی هەفتەیەک بوو بۆ چارەسەری نەخۆشیی کۆرۆنا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بوو، بەداخەوە ئەمڕۆ چووە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەیش دراوە، دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو پێوەندییەدا بەیاننامەیەک بڵاو دەکاتەوە.




وشە - هیدایه‌ت جان