هەڵوێستی لبنان حكوومەتی عێراق دەخاتە بەر گاڵەتجاڕی عێراقییەكانەوە

:: PM:07:01:08/08/2020 ‌

دوای تەقینەوەكەی سێشەمی رابردووی لبنان، كە بووە هۆی كەوتنەوەی زیانێكی گەورەی گیانی و مایەكی و وێرانبوونی نزیكەی نیوەی بەیرووت، دەیان وڵات یارمەتی پزیشكی و خۆراكیان بۆ ئەو وڵاتە رەوانە كرد، لەوانە عێراق، بەڵام لە راگەینداروێكی سوپای لبنان ناوی عێراقی نەهێنا، ئەوەیش بووە هۆی گاڵتەجاڕییەكی فرەوان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەتایبەتی بۆ حكوومەتی كازمی.
ئێمەتان شەرمەزار كرد
ئەو راگەیاندنەی سوپای لبنان كە عێراق و حكوومەتەكەی فەرامۆش كرد، لای عێراقییەكان بە شكست لە قەڵەم درا، ئەوان ناڕاستەوخۆ و بە گاڵتەجاڕییەوە باسی هەڵوێستی عێراق و لبنان دەكەن، لەوانە رۆژنامەوانێك دەڵێت، عێراق لە پێشەوەی وڵاتان بوو كە هاوخەمی و پاڵپشتی بۆ گەلی لبنان دەربڕی و خۆراك و مادەی پزیشكی و سووتەمەنی بۆ رەوانە كردن، كەچی سوپای لبنان لیستێكی دوورودرێژ بەناوی وڵاتانی یارمەتیدەر دەردەكات، عێراقی تیادا نییە.

سۆشیال میدیا كە ئێستە بووەتە ئاوێنەی راستەقینەی بۆچوونی شەقام و خەڵكی ئاسایی، خەڵكەكە بەگاڵتەجاڕییەوە باسی ئەو بابەتە دەكەن و دەڵێن، گومانمان لا دروست بووە كە جەماعەتەكەمان ئەویشیان دزی بێت، یان دەڵێن، رەنگە یارمەتییەكانیان لەگەڵ ئەوەی ئێرانیان حسێب كردییە، یان نەگەیشتووە یان ئەوان بێئەمەكن، كەسانیتر دەڵێن، حكوومەتی عێراق با سەرەتا سەیری دۆخی گەلی عێراق بكات ئینجا یارمەتی لبنان بدات، هەشیانە دەڵێ، عێراقێك بوونی نییە و هەمووان دەزانن بووەتە پارێزگایەكی ئێرانی، بۆیە پێویست بە هێنانی ناوی عێراق ناكات، كە كوڕەكەی حەسەن نەسروڵا سەرپەرشتی بكات. 

باڵوێزخانەی عێراق لە بەیرووت ئەمڕۆ بەیاننامەیەكی دەركرد و تیایدا باسی ئەو راگەیەندراوەی سوپای لبنان دەكات كە ناوی عێراقی لە ریزی وڵاتانی یارمەتی لبنانیان داوە، نەهێناوە، دەڵێت، بەداخەوەین بەهۆی ناونەهێنانی عێراق لە راپۆرتی سوپای لبنان، لەوكاتەی عێراق لەپێشەوەی وڵاتان بووە كە یارمەتی پزیشكیان بۆ لبنان رەوانە كردووە، كە بریتی بووە لە 20 تۆن لە مادەی پزیشكی و چەند تیمێكی پزیشكی و ئامادەسازیش بۆ رەوانەكردنی بڕێك گەنم دەكات.  

باڵوێزخانەكە رەوانەكردنی یارمەتییەكانی عێراق بە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەبەستێتەوە كە بە فەرمانی ئەو بووە، كە ئەمڕۆیش یەكەم كاروان لە چوارچێوەی 20 تانكەری باركراو بە 720 هەزار لیتر سووتەمەنی گەیشتووەتە بەیرووت و ئەوانە و یارمەتییە پزیشكییەكانی پێشوو رادەستی لایەنی پێوەندیدار لە لبنان كراوە.

ئینفاز قەنبەر، سیاسەتوانی عێراق ئاماژە دەكات، عێراق 20 تۆن یارمەتی بۆ لبنان رەوانە دەكات، كەچی باڵوێزخانەی عێراق لە بیرووت دەگرێێ، چونكە سوپای لبنان ناوی عێراقی نەهێناوە، رەنگە بەهۆی ئەوەوە بێت عێراق لەسەر ئێران حسێب بكەن، ئەوە چییە حكوومەتی عێراق، دزیتان لە خەڵك كرد و برسیتان كردن، یارمەتی رەوانە دەكەن بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی نەسڕۆلا، بۆ پاراستنی پۆستەكانتان لە حكوومەتی كەوسەرانی، ئێمەتان شەرمەزار كرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل