كەشوهەوای هەرێمی كوردستان زۆر خۆش دەبێت

:: PM:12:11:09/08/2020 ‌
هەرێمی كوردستان ئەمساڵ زووتر ماڵاوایی لە گەرما كردووە و سەرچاوەكانی كەشناسیش ئەم راستییە دەسەلمێنن كە تا نزیكەی دوو هەفتەی تریش پێشبینی شەپۆلی گەرمای هاوشێوەی كۆتایی مانگی تەمووز ناكرێت، لەوانەشە كۆتایی بە شەپۆلی بەهێزی گەرما هاتبێت.

بەگوێرەی worldweather لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بەرزترین پلەی گەرمی بۆ ئەمڕۆ 42 پێشبینی كراوە، بەڵام بۆ سبەی دووشەم 40 پلەی سیلیزی و رۆژی سێشەم بۆ 39 دادەبەزێت. پلەكانی گەرمی لە شەوانیشدا بۆ 26 پلە نزم دەبنەوە.
تا نزیكەی دوو هەفتەی تر هیچ شەپۆلێكی بەهێزی گەرما روو لە كوردستان ناكات

هەر بەپێی پێشبینییەكانی ئەم سەرچاوەیە، تا نزیكەی دوو هەفتەی تر هیچ شەپۆلێكی بەهێزی گەرما روو لە كوردستان ناكات و پلەكانی گەرمی لە ئاستێكی مامناوەندی و جێگیردا دەمێننەوە.

لەلایەكی ترەوە سەرچاوەكانی ناوخۆییش هەمان راستی دەردەخەن و تەنانەت باس لەوە دەكەن پلەكان نزمتریش دەبنەوە.

فازڵ ئیبراهیم بەڕێوەبەری كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم بۆ "وشە" ئاماژەی دا، ئەوان بۆ پێشبینییەكان پشت بە سەرچاوەی تایبەتیی دەبەستن و بە گشتی كەشوهەوا لە كوردستان زۆر خۆش و لەبار دەبێت.
پێشبینی دابەزینی زیاتری پلەكانی گەرمی دەكرێت.

ئەو روونی كردەوە، كاریگەرییەكانی ئەو شەپۆلە نزمە پاڵەپەستۆیەی لە كۆتایی مانگی تەمووزەوە رووی لە كوردستان كردبوو، نەماوە و پێشبینی دابەزینی زیاتری پلەكانی گەرمی دەكرێت.

وەك زیاتر خستیەڕوو، ئەمڕۆ لە هەولێر بەرزترین پلەی گەرمی 39 دەبێ لە سلێمانی 38 و لە دهۆكیش هەر نزیك بەم ئاستە دەبێت، تا رۆژی سێشەمی داهاتوو پلەیەكی تر لە پلەی گەرمی دادەبەزێت و بەگشتی تا كۆتایی ئەم هەفتەیە كەشوهەوای كوردستان خۆش و لەبار دەبێت.

ئەو ئاماژەی دا بە پێچەوانەی مانگی ئابی ساڵی رابردوو، ئەمساڵ پلەكانی گەرمی نزمترن و تێكڕای پلەی گەرمی لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو دەگەیشتە 45 پلە، بەڵام بە خۆشییەوە ئەمساڵ چەندان پلە نزمترە.
ساڵانە نزمە پاڵەپەستۆی هیندی لە وەرزی گەرما روو لە كوردستان دەكات

بە گوتەی فازڵ ئیبراهیم ساڵانە ئەو نزمە پاڵەپەستۆیەی بە نزمە پاڵەپەستۆی هیندی ناسراوە و لە وەرزی گەرما روو لە كوردستان دەكات، تا 10ی ئاب كاریگەرییەكانی لە كوردستان دەمێننەوە، بەڵام ئەمساڵ زۆر زوو ئەو كاریگەرییانە نەمان.

پێویستە بگوترێ هەفتەیەك بەر لە كۆتایی مانگی تەمووز، شەپۆلێكی گەرما رووی لە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كرد و تا سەرەتای مانگی ئاب كاریگەرییەكانی ئەو شەپۆلە لەسەر كوردستان بەردەوام بوون.

لە هەرێمی كوردستان پلەكانی گەرمی تا نزیكەی 50 پلە هەڵكشان
لە هەرێمی كوردستان پلەكانی گەرمی تا نزیكەی 50 پلە هەڵكشان و لە عێراقیش  سەرووی 53 پلەی تۆمار كرد و تەنانەت كاریگەرییەكانی ئەو گەرمایە ئەوەندە زۆر بوو، لە بەغدا و هەندێك شاری تری عێراق پچڕانی كارەبا و ناڕەزایەتی هاووڵاتییانی لێ كەوتەوە.

پێویستە ئاماژە بەو راستییەش بكرێت ئەو پلە گەرمییەی بۆ شارەكانی كوردستان رادەگەیەنرێت یان رۆژانە پێشبینی دەكرێن، لەو پلە گەرمییە كەمترە كە لای هاووڵاتییان بە پشتبەستن بە ئامێری جیاوازی گەرماپێو لە ناو ئۆتۆمبێل یان ماڵان تۆمار دەكرێن.

بەپێی زانیارییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، ساڵی رابردوو لە مانگی تەمووزدا بەرزترین پلەی گەرمی لە هەولێر 44.6 بووە و لە مانگی ئابیش تا 45.8 بەرز بووەتەوە. 

بۆ  زانینی پلەی گەرمی لە كوردستان و وڵاتانی تریش پشت بە پرۆتۆكۆلێكی جیهانیی دەبەسترێت. بە پێی پرۆتۆكۆڵەكە ئامێری گەرماپێوەكە لە ناو سندووقێكی دار دادەنرێت كە هەوای دەوروبەری خۆی بۆ دەگوازرێتەوە، بەڵام تیشكی راستەوخۆ لێی نادات و دواجار پلەی گەرمی ناو چوارچێوە دارەكە بە پلەی گەرمی هەوای شارەكە هەژمار دەكرێت.
ئەمساڵ گەرما زووتر ماڵاوایی لە كوردستان دەكات

كاتێك تیشكی خۆر لە شوێنێك دەدات كاریگەرییەكانی ئەم تیشكە هێندەی تر پلەی گەرمی بەرز دەكاتەوە و تەنانەت لە فەرمانگەكانی كەشوهەوا ئامێرەكە سەرووی مەترێك بەرزتر لە زەوی دادەنرێت بۆ ئەوەی تیشكدانەوەی زەوی كاریگەریی لەسەر ئامێرەكە نەبێت.

بە گشتی ئەوە جێی دڵخۆشییە ئەمساڵ گەرما زووتر ماڵاوایی لە كوردستان دەكات و پێ ناچێت گەرمای نزیك 50 پلەی سیلیزی لە هەرێمی كوردستان لەمساڵدا تۆمار بكرێتەوە.


وشە - سلێمان تاشان