نرخ بۆ نەخۆشخانە تایبەتەكان دیاری كرا

:: AM:08:55:10/08/2020 ‌
لەلایەن وەزیری تەندروستییەوە نرخ بۆ نەخۆشخانە تایبەتەكان دیاری كرا و هەركەسێك لەو نرخە زیاتر لە نەخۆش وەربگرێت، سزا دەدرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 10ـی ئاب، بەپێی فەرمانێكی سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی كە بۆ نەخۆشخانە تایبەتەكان هاتووە، تەواوی نرخەكانی خزمەتگوزاری چارەسەری بۆ نەخۆشانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانە تایبەتەكان "ئەهلییەكان" سنووردار كراون و نرخەكان دیاری كراون.

كۆی گشتی نرخەكان لە %40 تا %50 كەم دەكرێتەوە
لە بەشێكی نووسراوەكەدا ڕوون كراوەتەوە، هیچ نەخۆشخانەیەك بۆی نییە زیاتر لەو نرخانەی دیاری كراوە پارە لە هاووڵاتی وەربگرێت، هەروەها تیمی گەڕۆكی ماڵان بەبێ رێپێدان قەدەغەیە.

لە فەرمانەكە ڕوون كراوەتەوە، كۆی گشتی نرخەكان %40 تا %50 كەم دەكرێتەوە، ئەوەیش بەپێی خزمەتگوزارییەكان دیاری دەكرێت.

وەزیری تەندروستی ڕوونی كردووەتەوە، تیمەكانی پشكنین چاودێری ئەو نەخۆشخانانە دەكەن و هاووڵاتییانیش لە نرخی دیاریكراو زیاتر پارەیان لێ‌ وەرگیرا، دەتوانن سكاڵا تۆمار بكەن.




وشە - رامیار جەواد