لێچوونی هه‌وا یان دزینی هه‌وای ئۆتۆمبێل چییه‌؟

:: PM:04:55:10/08/2020 ‌

دزینی هه‌وا له‌ ئۆتۆمبێلدا بریتییه‌ له‌ لێچوونی ھه‌وا له‌ شووته‌كه‌وه‌ تا سه‌ر ده‌كشنی سارد بۆ ناو بزوێنه‌ر و له‌وێشه‌وه‌ بۆ ژووری سووتان كه‌ به‌ چه‌ند پارچه‌یه‌كی میكانیكی و كاره‌باییدا تێپه‌ڕ ده‌بێ وه‌ك ئایفلۆ و مله‌به‌خ، ئه‌م لێچوونی هه‌وایه‌ كاریگه‌ری خراپ له‌سه‌ر ئۆتۆمبێل دروست ده‌كات، بۆیه‌ پێویسته‌ ئاگادار بیت.

ئاكام سه‌عید شاره‌زای بواری میكانیكی ئۆتۆمبێل به‌ ''وشه‌''ی ڕاگه‌یاند، له‌كاتی ھه‌بوونی ھه‌ر لێچوونێكی كه‌م چه‌ند گرفتێكی دیار و بێزاركه‌ر دروست ده‌كات، تا وای لێ دێت ئۆتۆمبێله‌كه‌ت ده‌كوژێته‌وه‌، ھۆكاره‌كانی دروستبوونی ئه‌م لێچوونه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ڕزینی ملی شوته‌كه‌ت یان خراپبوون و داخورانی واشه‌ری مله‌به‌خ له‌ سه‌رووی بزونه‌ر یا ته‌قینی سۆنده‌ی ھه‌واكان كه‌ له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌وه‌ بۆ ئۆتۆمبێلێكی تر به‌دیزاینی جیاواز دانراوه‌.

لێچوونی هەوا کاریگەری خراپ لەسەر ئۆتۆمبێل دروست دەکات سەرەکیترینیان کۆژانەوەیەتی

ده‌ره‌نجامه‌كانی لێچوونی هه‌وا چین؟
ئاشكرای كرد، وه‌ك زانراوه‌ كه‌ ئایفلۆ و ماف و ماپ و ڕێژه‌ ھه‌وا به‌ سیستمی ''MAF/MAP/IAT'' ئه‌و به‌ستراونه‌ته‌وه‌، ڕێژه‌ی ھه‌وا ده‌پێوێت كه‌ ده‌ڕوات بۆ بزوێنه‌ر و به‌شێوه‌ی ئاماژه‌ ده‌یداته‌وه‌ به‌ ئه‌قڵه‌كه‌، ئه‌ویش ڕێكخستنی بڕی ڕژان/سووتانی به‌نزین ده‌كات له‌ڕێی ڕێژه‌ی وه‌رگیراوه‌وه‌، له‌كاتی ھه‌بوون و لێچوون ئه‌م ڕێژه‌یه‌ به‌ تێرتر ده‌نێرێت یا به‌ لاوازی، ئه‌مه‌یش ناڕێكی دروست ده‌كات له‌ كاتی ئیشكردنی ئۆتۆمبێله‌كه‌دا.

ئه‌وه‌یشی ڕوون كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م گرفته‌ ھه‌ندێك جار له‌ خێرایی ھه‌ستی پێ ناكه‌یت، به‌ڵام له‌كاتی خاوبوونه‌وه‌ یا وه‌ستان سلۆری ناڕێك ده‌بێ و ھه‌ندی جاریش ده‌كوژێته‌وه‌.

ئه‌و شاره‌زایه‌ ئه‌وه‌یشی گوت كه‌ ئه‌م لێچوونه‌ چه‌ند نیشانه‌یه‌كی هه‌یه‌ وه‌ك، ''به‌رز و نزمی سلۆری، تێكه‌ڵكردن و متبوون، كوژانه‌وه‌ی كتوپر، دره‌نگ ھه‌ڵبوونی ئۆتۆمبێل، زۆر به‌فیڕۆچوونی به‌نزین و ھه‌ڵبوونی گڵۆپی بزوێنه‌ر''.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان