توركیا بۆچی دەیەوێ دۆخی ناوخۆی عێراق بشێوێنێت؟

:: PM:06:35:13/08/2020 ‌

لە چەند رۆژی رابردوو فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی توركیا بۆردمانی ئۆتۆمبێلێكی سەربازی سەر بە پاسەوانانی سنووری عێراقی لە ناوچەی برادۆست كرد و دوو ئەفسەری باڵای ئەو هێزە كوژران، چاودێران پێیان وایە ئەو رووداوە لە هەر دەوڵەتێكی تر بووایە، ئاڵۆزییەكی گەورەی سەربازی و دیپلۆماسی لێ دەكەوتەوە، كەچی عێراق تەنیا سەركۆنەی كرد، لێرەدا گرنگە بزانرێت مەبەستی توركیا لەو هێرشە چییە و بۆچی عێراق كاردانەوەی بەهێزی نییە؟
عێراق پێویستی بە سەركردەیەكی بەهێز هەیە بتوانێ شكۆی دەوڵەت بپارێزێت
فازڵ ئەبو رەغیف، شرۆڤەكاری تەناهی عێراقی بۆ "وشە"، روونی كردەوە، لایەنی توركی هەوڵی تێكەڵكردنی كارتەكان دەدات، دەیەوێ دۆخی تەناهی لە عێراق بشێوێنێت، بەتایبەتی لەو ناوچانەی كە دۆخی ئاسایشیان باشە وەك هەرێمی كوردستان، چونكە ئەوانە تەنیا ناوچەن لە عێراق ئاسایشیان جێگیرە، بۆیە توركیا دەیەوێ دۆخی ناوخۆی عێراق بشێوێنێت.

زیاتر گوتی، ئەو رووداوەی سێشەم دەستوەردانێكی زەق بوو لە كاروباری ناوخۆی عێراق و پێشێلكارییەك بوو بۆ تەواوی وڵاتانی ناوچەكە، بەداخەوە وەڵامدانەوەی حكوومەتی عێراق شەرمنانە بوو، چونكە عێراق چەندان ئامراز و كارتی بەدەستەوەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو پێشێلكارییەی توركیا، عێراق و توركیا ئالوگۆڕییەكی بازرگانیان هەیە تا ئاستی 20 ملیار دۆلاری ساڵانە، جیا لەوە دۆخی ئابووری توركیا نیوچە رووخاوە، بۆیە ئەگەر عێراق كارتی ئابووری و دارایی بەكار بێنێت زۆر كاریگەریان دەبێت.

ئەبو رەغیف روونی كردەوە كە جیا لەوەیش عێراق دەتوانێ لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان و دادگا نێودەوڵەتییەكان سكاڵا دژی توركیا بكات، پێویستە ئەو پرسیارە لە حكوومەتی عێراق بكرێ كە بۆچی هەڵوێستی توندتر وەرناگیرێت؟، من پێم وایە هۆكارەكەی ئەوەیە هەر بڕیارێك بە بەرژەوەندی چەند كەسایەتییەك بەستراوەتەوە كە رەنگە پشتیان بە توركیا دابێت.

دوای رووداوەكەی سێشەمی رابردوو كە دوو ئەفسەری باڵای پاسەوانانی سنووری عێراق كوژران، هەرسێ سەرۆكایەتی عێراق بەیاننامەی ناڕەزایەتیان دەركرد و داوایان كرد كێشەكانی هەردوو وڵات بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن، جیا لە سەركۆنەكردنی رووداوەكە، كاتێك وەزارەتی دەرەوەی عێراق سێیەمین جار بانگهێشتی باڵوێزی توركیای لە عێراق كرد و یاداشتی ناڕەزایەتی رادەست كرد و داوای لە ئەنكەرە كرد هۆكاری رووداوەكەیان بۆ روون بكاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەسەر پێشێلكارییەكانی توركیا پێوەندی بە وەزیرانی دەرەوەی كۆمكاری عەرەبی كرد و وردەكاری رووداوەكەی بۆ باس كردن و داوای پاڵپشتی ئەوان و یەكهەڵوێسی بەرانبەر بە توركیا لێ كردن، بۆ ناچاركردنی توركیا بۆ وەستاندنی پێشێلكارییەكانی و كشانەوەی هێزەكانی لەناو خاكی عێراق. 

لەو ناوەدا فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێوەندی بە ئەحمەد ئەبو غێت، ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە كۆمكارەكە كرد، لەوانە وەزیرانی دەرەوەی میسڕ و ئوردن و سعوودیە و كوێت، ئەوان پاڵپشتی تەواوی خۆیان بۆ سەروەری عێراق دەربڕی و داوای وەستانی بە پەلەی پێشێلكارییەكانی توركیایان كرد.

سەباح عوگێلی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "سائیروون" دەڵێت، ئەو دۆخەی ئێستە دەیبینین نوێ نییە و لە دوای 2003ەوە تا ئێستە هیچ حكوومەتێكی عێراق نەیتوانیوە كێشەی پێشێلكردنی سەروەری عێراق چارەسەر بكات كە پێم وایە بەردەوام دەبێت، بۆیە دۆخەكە مەترسیدارە.

زیاتر گوتی، هێزە سیاسییەكانی عێراق لە بازنەی بەرژەوەندییەكانیان دێنە ناو بابەتەكەوە و ئەوان لەسەر بنەمای پێوەندی و بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەڵوێستیان دەگۆڕێ، ئەوەیش كێشەیەكی گەورەیە، بۆیە دۆخەكە پێویستی بە سەركردایەتییەكەی بەهێز هەیە بتوانێت پێوەندییەكانی دەرەوەی عێراق رابگرێ و شكۆ و دەسەڵاتی دەوڵەت بپارێزێت. 

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، بوونی پەكەكە لەناو خاكی عێراق بۆ ساڵانی هەشتاكان و نەوتەكانی سەتەی رابردوو دەگەڕێتەوە، كاتێك هەردوو حكوومەتی عێراقی ئەوكات و توركیا رێككەوتنیان هەبوو بۆ راوەدوونانی نەیارانی یەكتر تا قووڵایی 15 كیلۆمەتر لەناو خاكی هەردوو وڵات، بەڵام ئێستە دۆخەكە گۆڕاوە، ئێستەیش كێشەكەی ئێمە رێككەوتنەكەمان لە 2007 نوێ كردەوە، دەبێت خۆمان كۆنترۆڵی سنوورەكانی خۆمان بكەین، ئەوەیش ئێمەی خستە ناو كێشەیەكی ترەوە. 

لای خۆیەوە موزاحم ئەحمەد حوێت، گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان گوتی، لە دوای 2003ەوە سەروەری عێراق بە بەردەوام پێشێل كراوە، ئەوەی توركیا بە پاساوی بوونی پارتی كرێكارانی كوردستانە لە ناوچەكان، چونكە پەكەكە لە هەرێمی كوردستان و عێراق هەیە، ئەوان لەناو خاكی توركیا رووبەڕووی سوپای ئەو وڵاتە نابنەوە، بەڵكو لەناو خاكی عێراق ئەو كارە دەكەن، پرسیارەكە ئەوەیە عێراق بۆچی ئەو پاساوە نایەڵێت، بەڵكو مووچە بەوان دەدات؟.   

ئەحمەد شەریفی، شرۆڤەكاری تەناهی دەڵێت، بۆردمانەكەی توركیا هەڵە نەبووە، بەڵكو بەمەبەست ئەنجامی داوە، بوونی پەكەكە لای توركیا پاساوە، ئەو پاساوی لە تەواوی وڵاتانی دەوروبەری هەیە بۆ دەستوەردان، ئەو بابەتە و پێشێلكاریانەی توركیا پێوەندی بە رێككەوتنامەی لۆزان لە 1923ەوە هەیە كە لە 2023 كۆتایی دێت، كاتێك مستەفا ئەتاتۆرك بۆ رێگرتن لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردی سازشی بۆ بەریتانیا كرد بەوەی ویلایەتی مووسڵ بخرێتە سەر عێراق، ئێستەیش كە خەریكە ماوەكە تەواو دەبێت توركیا دەستی بە جموجۆڵ كردووە.   


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل