له ناوچه‌یه‌كى سه‌ر سنووری نێوان عێراق و ئێران، به تایبه‌ت كه له شاره‌دێی مه‌نده‌لی ناسراو به ناوچه‌ی كوردستانییه‌وه نزیكه، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو ئاسك له ئاكامی كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگر سووتان، هاوكات پۆلیس و به‌رپرسێكی حزبی قسه‌ی جیاواز ده‌كه‌ن له‌وباره‌وه.
نیهاد محه‌مه‌د، گوته‌بێژی فه‌رمی پۆلیسی دیاله، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌مڕۆ ئاگادار كراینه‌وه له سووتانی كێڵگه‌یه‌كى تایبه‌ت به به‌خێوكردن و پاراستنی ئاسك له سنووری مه‌نده‌لی.
زیاتر گوتی، به‌پێی ڕاپۆرتی تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی ته‌شه‌نه‌كردنی سووتانی پووش و په‌ڵاش بووه‌ته هۆكاری كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه و به‌هۆیه‌وه 10 ئاسك سووتاوه.
لای خۆشیه‌وه، سه‌بتی مه‌نده‌لاوی به‌رپرسی كۆمیته‌ى مه‌نده‌لی حزبی شیوعی له ناوچه‌كه، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، زیاتر له‌و ژماره‌یه ئاسك سووتاوه، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌گاته چل ئاسك.
ئه‌وه‌یشى خسته‌ڕوو، كه‌سانی ناكۆك ته‌قه‌یان له یه‌كتر كردووه و ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه ده‌ستی له پشته.
ئه‌و كیڵگه‌یه تایبه‌ته به به‌خێوكردنی ئاسك له ناوچه‌كه ده‌ورپشتی په‌رژین كرابوو.
گه‌رمیان/ سه‌بری هۆرێنی