چۆن دەزانی كۆرۆنات هەبووە و تێتپەڕاندووە؟

:: PM:06:24:29/08/2020 ‌

ژمارەی تووشبوون و چاكبوونەوە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتووەتە ملیۆنان حاڵەت، كەسانێك هەن بێ ئەوەی هەستی پێ بكەن تووشی بوونە و كەسانێكیش بەسەختی گرتوویانە، شارەزا و پزیشكانی نەخۆشییە پەتاییەكان دووپاتی دەكەنەوە، رەنگە ڤایرۆسەكە تووشی ملیۆنان كەس بووبێت، بێ ئەوەی بزانن، واتە بەر لە وەرگرتنی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری رابردوودا.
زستانی رابردوو لە ئەمەریكا و چین بەرانبەر دوو حاڵەتی ئینفلەوەنزا حاڵەتێكی كۆرۆنا هەبووە
ئامیش ئەدالجا، پزیشك و شارەزا لە نەخۆشییە پەتاییەكان و توێژەر لە ناوەندی "جۆن هۆبكنز"، بۆ ئاسایشی تەندروستی لە ئەمەریكا، گوتی، زۆرینەی تووشبووانی كۆرۆنا حاڵەتێكی سادەی تووشبوونیان هەیە و رەنگە نەتوانرێ لە ئینفلەوەنزا و سەرمابوون جیا بكرێتەوە، بەداخەوە رێگەیەك نییە بۆ  دڵنیابوونەوەی 100% لەوەی ئەو نەخۆشیەی زستانی رابردوو هەتبووە، كۆرۆنا یان ئینفلەوەنزا بووە.  

لەگەڵ ئەوەیش دەتوانرێ حەوت نیشانە دیاری بكرێ ئاماژە بۆ ئەگەری تووشبوونی خەڵك لە كۆرۆنا دەكەن بێ ئەوەی بزانن:

یەكەم، سەرمابوونی سەرەتای 2020، زانایان لە پشكنینەكان بۆ ئەو سامپڵانەی زستانی رابردوو لە ئەمەریكا و چین وەریان گرتووە، بۆیان دەركەوتووە بەرانبەر هەر دوو حاڵەتی ئینفلەوەنزا، حاڵەتێكی كۆرۆنا هەبووە، لەوكاتەی جیاكردنەوەی كۆرۆنای سووك و ئینفلەوەنزا، زەحمەتە، بەڵام سەرمابوون سەرئێشەی توند و هەناسەتەنگی لەگەڵ نییە.

دووەم/ نەمانی كاتی هەردوو هەستی بۆنكردن و تامكردن، دوو نیشانەی جیاكەرەوەی تووشبون بە كۆرۆنان، ئەگەرچی لای هەموو تووشبووان روو نادات، ئەگەریش هەیە لە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسەدان، وەك سەرمابوون و هەوكردنی كەلێنەكانی لووت و هەستەوەری وەرزی، رووبدات.   

سێیەم/ هەڵوەرینی قژ، زۆرێك لەو تووشبووانەی چاكبوونەتەوە، باسی هەڵوەرینی قژیان كردووە، كاتێك هۆكارەكەی بۆ ماندووبوونی زۆر و لەدەستدانی كێش و تووشبوون بە كۆرۆنا دەگەڕێتەوە.

چوارەم/ هەناسەتەنگی، بەپێی توێژینەوەكان دەركەوتووە تووشبووان بە كۆرۆنا، دەكرێ هەست بە هەناسەتەنگی بكەن بەهۆی هەوكردنی سییەكانیان.

پێنجەم/ كۆكەی بەردەوام، یەكێكە لە نیشانەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا و زۆرجار وشك دەبێت، واتە بەڵغەمی لەگەڵ نییە و تەڕ نییە، دەركەوتووە 43%ی تووشبووانی كۆرۆنا، 14-21 رۆژ دوای دەركەوتنی تووشبوونیان بەدەستییەوە دەناڵێنن. 

شەشەم/ هەستكردن بە ماندووبوون، دەركەوتووە 53%ی نەخۆشانی كۆرۆنا بەدەست ماندووبوون و شەكەتی، تەنانەت تا 60 رۆژ دوای دەركەوتنی یەكەمجاری نیشانەكانی تووشبوونیان، دەناڵێنن.

حەوتەم/ چەند نیشانەیەك كە ون نابن، ڤایرۆسی كۆرۆنا هێشتە نوێیە بۆ پزیشكان، بۆیە تا ئێستە چەند نیشانە و لێكەوت و كاریگەرییەكی دیار نییە، وەك دروستبوونی كێشەی دڵ لای بەشێك لەوانەی تووشی بوونە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل