دوور لە سیاسەت.. ماكرۆن سەردانی فەیرووز دەكات

:: AM:10:10:30/08/2020 ‌
دوای تەقینەوەكەی بەیرووت لە سەرەتای ئەم مانگە، سەرۆكی فڕەنسا ئیمانۆیل ماكرۆن بۆ هاوكاریی دەسەڵات و گەلی لبنان سەردانی ئەو وڵاتەی كرد. بڕیارە سبەی دووشەم سەردانی بۆ ئەو وڵاتە، لە سەرەتادا دوور لە سیاسەت، سەردانی تایبەتی فەیرووز "دەنگی بەیانیان" بكات كە یەك لە گەورەترین گۆرانیبێژە ناودارەكانی دنیای عەرەبە، دواتر بەرنامە سیاسییەكانی ئەنجام بدات.
سەرەتا بۆ خواردنەوەكەی قاوەیەك دەچێتە لای فەیرووز

ئاژانسی "رۆیتەرز" بڵاوی كردووەتەوە كە دووەم سەردانی سەرۆكی فڕەنسا ماكرۆن بۆ لبنان، سەرەتا بۆ خواردنەوەكەی قاوەیەك دەچێتە لای فەیرووز كە بە هێمای هونەری و نیشتمانی لەلای لبنانییەكان ناو دەبرێت. دوای ئەو سەردانە، چاوی بە سیاسەتكارانی وڵاتەكە دەكەوێت.

بەپێی ئاژانسەكە، بەرلەوەی ماكرۆن سەردانەكەی دەست پێ بكات كە بڕیارە سبەی دووشەم بێت، كۆشكی "ئیلیزی" بەرنامەكەی نووسیوە كە لەگەڵ گەیشتنی سەرۆكی فڕەنسا بۆ بەیرووت، یەكەمین كەس سەردانی هونەرمەند فەیرووز دەكات كە ئەو باش دەزانێ ئەو هونەرمەندە لەلای جەماوەری عەرەب و بەتایبەتی لەلای لبنانییەكان، بە چاوێكی گەورە تەماشا دەكرێت. بۆیە لەگەڵیدا قاوەیەك دەخواتەوە.

سبەی دووشەم كە ماكرۆن سەردانی لبنان دەكات، لە بەرنامەكەیدا چەندان كۆبوونەوەی سیاسی بۆ دەرهێنانی لبنان لەو تەنگژە سیاسی و ئابوورییەی تێی كەوتووە ئەنجام دەدات.

لە دوای تەقینەوەكەی بەیرووت لە سەرەتای ئەم مانگە كە بەهۆیەوە زیاتر لە 180 كەس گیانیان لە دەست دا و زیاتر لە شەش هەزار كەسیش بریندار بوون، هاوكات زیاتر لە 250 هەزار كەسیش بەهۆی ئەو تەقینەوەیە ئاوارە بوون. سەرۆكی فڕەنسا یەكەم سەرۆك بوو كە لە حەوتی ئەم مانگە گەیشتە لبنان بۆ هاوكاریكردنی وڵاتەكە لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە.

سەردانەكەی ماكرۆن بۆ لای فەیرووز، سەرلەئێوارەی سبەی دووشەم دەبێت كە لە ماڵەكەی خۆی لە گەڕەكی رابییە نزیكی ئەنتلیاسی باكوری بەیرووت ئەو هونەرمەندە دەبینێت. بڕیارە سەردانەكە لە دووری هاوێنەی رۆژنامەنووسان بێت.

ناوی راستەقینەی فەیرووز "نیهاد وەدیع حەداد"ە و لە ساڵی 1935دا لە لبنان لە دایك بووە. بە هەڵگیرسانی شۆڕشی موزیك و گۆرانیی عەرەبی لە لبنان لەگەڵ هەردوو برا هونەرمەندان عاسی و مەنسوور رەحبانی هەژمار دەكرێت. لە ساڵی 1952دا وەك گۆرانیبێژ دەركەوت و ژمارەیەك گۆرانیی لەو ساڵەدا تۆمار كرد. لە 1955 هاوسەرگیریی لەگەڵ هونەرمەند عاسی رەحبانی كرد و چوار منداڵیان هێنایە ژیانەوە.

منداڵیی فەیرووز لە گەڕەكی بیلات لە بیرووت ژیاوە كە بە گەڕەكێكی هەژارنشین ناو دەبرێت. باوكی وەدیع حەداد فەلەستینییە و دایكیشی ناوی لیزا بوستانییە. وەك سەرەتا لە منداڵیدا لە كۆرسی ئێزگەی لبناندا كاری دەكرد كە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1940. ئاوازدانەری ناودار حەلیم ئەلروومی ناوی "فەیرووز"ی وەك ناوێكی هونەریی بۆ هەڵبژاردووە. دوای ئەوەی هاوسەرەكەی لە ساڵی 1986دا كۆچی دوایی دەكات، بۆ ماوەیەك لە كاری هونەری دوور دەكەوێتەوە، پاشان لەگەڵ چەندان ئاوازدارێكی ناودار دەست پێ دەكاتەوە كە زۆربەی گۆرانییەكانی لە كۆنسێرت و لەسەر تەختەی شانۆدا پێشكەش كردووە.

 فەیرووز كە تا ئێستەیش دەتوانێ گۆرانیی بڵێت، خاوەنی 800 گۆرانییە و هەروەها خاوەنی دەیان خەڵاتی عەرەبی و جیهانییە. لە ناوەندی هونەریدا بە پێشەنگ ناو دەبرێت.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د