"وشە" هۆی وازهێنانی عەلی حەمەساڵح لە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئاشكرا دەكات

:: PM:01:08:30/08/2020 ‌
عەلی حەمەساڵح دەستی لە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان كێشایەوە، وا بڵاو كرایەوە پێوەندی بەوەوە هەبێت بزووتنەوەی گۆڕان فشاریان لێ كردبێت، ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەكاتەوە.
سەرۆكی فراكسیۆن تەنیا دەتوانێ بۆ دوو ساڵ لەو پۆستە بەردەوام بێت

ئەمڕۆ یەكشەم 30 ئاب، جەلال محەمەد ئەندامی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، عەلی حەمەساڵح دەستی لە سەرۆكایەتی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان كێشاوەتەوە، بزووتنەوەی گۆڕانیش دەست لەكاركێشانەوەكەیان قبووڵ كردووە و وەك ئەندامی پەرلەمان لە فراكسیۆنی گۆڕان بەردەوام دەبێت.

زیاتر روونی دەكاتەوە، لە فراكسیۆنی گۆڕان پێڕەوێك هەیه،‌ ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆكی فراكسیۆن تەنیا دەتوانێ بۆ دوو ساڵ لەو پۆستە بەردەوام بێت، عەلی حەمەساڵح دوو ساڵی خۆی تەواو كردووە و چەند مانگێكە داوا دەكات دەستبەرداری سەرۆكی فراكسیۆن بێت و كەسێكی تر شوێنی بگرێتەوە، ئێستە خۆی زۆر داوای كرد بۆیە بە دەست لەكاركێشانەوەی داواكارییەكەی قبووڵ كرا.

"دوور و نزیك، دەست لەكاركێشانەوەی عەلی حەمەساڵح پێوەندی بەوەوە نییە گۆڕان فشاریان لێ كردبێت بە كشاندنەوەی واژوو بۆ بانگێشتكردنی سەرۆكی حكوومەت و جێگری سەرۆكی حكوومەت". جەلال محەمەد وای گوت.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە، هیچ كات بزووتنەوەی گۆڕان فشاری لە عەلی حەمەساڵح و هیچ كەسی تریش نەكردووە، نەك بۆ ئەم بابەتە بۆ هیچ بابەتێكی تریش، تا ئاستێكی باش سەربەخۆیی بە ئەندامانی پەرلەمان داوە، بۆیە دەست لەكاركێشانەوەی عەلی حەمەساڵح لە سەرۆكی فراكسیۆن پێوەندی بەو ‌ماوەیە هەیە لە پێڕەوی ناوخۆی فراكسیۆن هاتووە.

لەبارەی ئەوەی ئایا ڕاستە عەلی حەمەساڵح وازی لە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانیش هێناوە، جەلال محەمەد ئاشكرای دەكات، هەركەس سەرۆكی فراكسیۆن بوو، ڕاستەوخۆ دەبێتە ئەندانی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، ئێستە كاك عەلی لەو پۆستە نەماوە بۆیە هەركەس بووە سەرۆكی فراكسیۆن، دەبێتە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی.

هەڵەبجە / عەزیز ڕەسووڵ



وشە - هیدایه‌ت جان