لێخۆشبوونەكەی وەزارەتی دارایی قەرزی نیشتەجێبوونیش دەگرێتەوە

:: PM:02:14:30/08/2020 ‌
بەڕێوەبەری بانكی نیشتەجێبوون رای دەگەیەنێت، بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی بۆ لێخۆشبوونی قەرزەكان بە رێژەی 15٪، ئەوانەیش دەگرێتەوە كە قەرزی بانكی نیشتەجێبوونیان لەسەرە و دەڵێ، لە سنووری سلێمانی 10 هەزار هاووڵاتی قەرزی نیشتەجێبوونیان لەسەرە.
لە سنووری سلێمانی 10 هەزار هاووڵاتی ئەو قەرزەیان وەرگرتووە

ئەمڕۆ یەكشەم 30ی ئاب، یاسین حەسەن بەڕێوەبەری بانكی نیشتەجێبوون لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو بڕیارەی وەزارەتی دارایی كە هەفتەی پێشوو دەرچوو بۆ لێخۆشبوونی قەرزەكان و پێشینەكان بە رێژەی 15٪، قەرزی بانكی نیشتەجێبوونیش دەگرێتەوە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، خەڵك وا تێگەیشتوون بڕیارەكە بۆ قەرزی خانووبەرە و هاوسەریگیری دەرچووە، راستییەكەی قەرزی  نیشتەجێبوونیش دەگرێتەوە و داوامان كردووە رێنوێنیمان بۆ بنێرن و لەم رۆژانەدا پێمان دەگات، ئەوە بڕیارێكی دڵخۆشكەرە بۆ ئەوانەی قەرزیان هەیە و بە دڵنیاییەوە كاریگەری لەسەر گەڕانەوەی قەرزی بانكی نیشتەجێبوون دەبێت.

قەرزی بانكی نیشتەجێبوون ئەو هاووڵاتییانە دەگرێتەوە كە لە ماوەی ساڵانی رابردوو بۆ كڕینی خانوو و یەكەی نیشتەجێبوون ئەوانەی لە لایەن كۆمپانیاكانەوە دروست كراون، قەرزیان لە بانكی نیشتەجێبوون وەرگرتووە و لە سنووری سلێمانی 10 هەزار هاووڵاتی ئەو قەرزەیان وەرگرتووە.

بەڕێوەبەری بانكی نیشتەجێبوونی سلێمانی دووپاتی دەكاتەوە، بە بڕی جیاواز هاووڵاتییان قەرزیان بۆ یەكەی نیشتەجێبوون وەرگرتووە و ساڵانی رابردوو كە تەنگژەی دارایی رووی لە هەرێم كردبوو، كاریگەری لەسەر نەگەڕانەوەی ئەو قەرزانە هەبووە، بەڵام ئێستەش بەردەوام هاووڵاتییان ئەو پارە دەگەڕێننەوە.

هەفتەی رابردوو وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارێكی دەركرد بۆ ئەو هاووڵاتییانەی قەرزی خانووبەرە و هاوسەرگیرییان لەسەرە، ئەگەر بە یەكجار هەموو قەرزەكە بگەڕێننەوە، 15% لێخۆشبوونیان بۆ دەكرێت، بەپێی بڕیارەكە ئەگەر هاووڵاتییەك پێنج ملیۆن دینار قەرزدار بێت و هەموو پارەكە بە یەكجار بگەڕێنێتەوە، 750 هەزار لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت، ئەو بڕیارەش قەرزی بانكی نیشتەجێبوون دەگرێتەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان