دابەزینێكی گەورە لە نرخی زێڕ تۆمار كرا

:: PM:03:14:01/09/2020 ‌
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دابەزینێكی گەورە لە نرخی زێڕ تۆمار كرا و خاوەن دوكانێكی زێڕنگریش دەڵێت، ئەگەری دابەزینی زیاتر هەیە.

ئەمڕۆ سێشەم یەكی ئەیلوول، عەبدولسەلام كەریم خاوەنی زێڕنگری بڵند بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ نرخی زێڕ بە خێرایی دابەزی.

ڕێگری دەكرێت لە ناردنی زێڕ بۆ دەرەوە 
ئەو خاوەن دوكانی زێڕە گوتی، باس لە بوونی بڕیارێك دەكرێت كە ڕێگری دەكرێت لە ناردنی زێڕ بۆ دەرەوە، بۆیە نرخەكە ئێستە بەخێرایی دادەبەزێت.

باسی لەوەش كرد، نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 18 بە 279 هەزار دینارە، نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 326 هەزار دینارە، نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 24 بە 384 هەزار دینارە، لە كاتێكدا بەیانی ئەمڕۆ 15 هەزار دینار لەو نرخە گرانتر بوو.

دابەزینی نرخی زێڕ دوای ئەوە هات ئەمڕۆ بڕیارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاو كرایەوە و تێیدا هاتووە، هەناردەكردنی باری زێڕ لە هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ دەرەوەی وڵات، قەدەغە كراوە. ئەوەش زیانی بە بازاڕی زێڕنگران گەیاندووە و ناتوانن ئەو زێڕەی لە هاووڵاتییان وەریدەگرن هەناردەی دەرەوەی بكەن، بەو هۆیەوە نرخی مسقاڵی زێڕی نوێ و شكاو جیاوازیان زۆر بووە.



وشە - رامیار جەواد