كۆرۆنا لە رێگەی سپێرم و سێكسەوە دەگوازرێتەوە؟

:: PM:06:28:03/09/2020 ‌

مرۆڤ بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتییە و سێكس غەرەیزەیەكی سەرەكیی پێكهاتە بایۆلۆجییەكەیەتی، لە مانگی كانوونی یەكەمی 2019 ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دنیا سەری هەڵدا و تا ئێستە زیاتر لە 26 ملیۆن كەس تووشی بوونە و هەڕەشە لەسەر چەند ملیارەكەی تری دانیشتوانی زەوی هەیە، رەنگە پرسیار بكرێ، ئاخۆ ڤایرۆسەكە لە رێگەی سپێرم و سێكسەوە دەگوازرێتەوە؟، سێكسی سەلامەت لە سەردەمی كۆرۆنا چۆن دەبێت؟
پێویستە لەكاتی سێكسكردن دەمامك ببەسترێ بۆ داپۆشینی دەم و لووت
بەرپرسێكی كەرتی تەندروستی گشتیی كەنەدی داوا لە هاوسەران دەكات ئاگەداری خۆیان بن بۆ ئەوەی لە كاتی سێكس تووشی كۆرۆنا نەبن، ئەو داوا دەكات لەكاتی نزیكبوونەوە و سێكسكردن، ماچ نەكەن و دەمامك ببەستن و بەر لەوەیش زانیاری ئالوگۆڕ بكەن.

تیریزا تام، لەو بارەوە دەڵێت، پێوەندی سێكسی لە سەردەمی كۆرۆنا ئاڵۆزی تێ كەوتووە، بەتایبەتی بۆ كەسانێك لەگەڵ هاوبەشێكی دیاریكراودا ناژین، یان هاوسەرەكانیان مەترسی گەورەی تووشبوونیان بە كۆرۆنا لەسەرە، ئاماژەی كرد، رەنگە ئەنجامدانی سێكسی تاكەكەسی، مەترسی كەمتری هەبێت، بەڵام پێوەندی سێكسی لەگەڵ كەسێكی تر كە لەناو هەمان ماڵ یان بازنەی كۆمەڵایەتیدا نەبێت، مەترسیدارە و پێویستە ماچی لەگەڵ نەبێت و تەنانەت هەوڵ بدرێت دەموچاو لە یەكتر نزیك نەبنەوە و بەریەك نەكەون، بۆیە باشترین شت دەمامك ببەسترێ بۆ داپۆشینی دەم و لووت لەكاتی پرۆسەكە.

تام ئاماژەی كرد، گرنگتر لەوە، دروستبوونی متمانەیە لەو رووەوە لەگەڵ هاوبەشی سێكسییەوە، ئەو داوای لە هەمووان كرد چاودێری دۆخی تەندروستی خۆیان بكەن بۆ تێبینیكردنی هەر نیشانەیەكی تووشبوون بە كۆرۆنا، بە مەبەستی كەمكردنەوەی خواردنەوەی كحوول و مادەی تریش و وەرگرتنی بڕیاری گونجاو.  

تام دووپاتی كردەوە، مەترسی گواستنەوەی ڤایرۆس و پەتای كۆرۆنا لە رێگەی سپێرم و تۆواوگ و دەردراوەكانی زێی ژن، زۆر لاوازە، لەگەڵ ئەوەیش پێویستە رەفتارێكی خۆپارێزی لەكاتی سێكسدا وەربگیرێت، لەوانە بەكارهێنانی كۆندۆم و ئالوگۆڕكردنی زانیاری تووشبوون بە هەر نەخۆشییەكی گوازراوە لە رێگەی سێكسەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل