سەرەڕای چاوسووركردنەوە.. كوردی كەركووك دەست بە چالاكییە رۆشنبیرییەكان دەكەنەوە

:: PM:10:11:05/09/2020 ‌

دوای زیاتر لە شەش مانگ، چالاكییە رۆشنبیرییەكان لەلایەن كوردی كەركووكەوە دەست پێ دەكاتەوە، سەرەڕای كرانەوەی قاوەخانە و كافیتریاكان، چالاكییە رۆشنبیرییەكان بە مەرجی توند و هەڕەشەی گرتنی رۆشنبیران دەستی پێ كردووەتەوە، هاوكات كەسانی دیاریكراو بۆ هەفتە رۆشنبیرییەكە بانگهێشت دەكەن.
ئەگەر قەرباڵغی دروست بكەین دەمانگرن
 چەتۆ لەتیف، بەڕێوەبەری سەنتەری رۆشنبیری كەركووك ، بە "وشە"ی راگەیاند، لەمشەوەوە شەموو 5ی ئەیلوولی 2020، گرووپی شار بۆ بنیاتنانی مەعریفە، هەفتەیەكی ڕۆشنبیریی لە سەنتەری ڕۆشنبیری كەركووك رێك خستووە، ئەمەیش بە یەكەم چالاكی ڕۆشنبیری دادەنرێ لە شوباتی ڕابردووەوە، كە بەهۆی پەتای ڤایرۆسی كورۆنا تەواوی چالاكییە ڕۆشنبیرییەكان لە كەركووك ڕاگیران.

 زیاتر گوتی، وەك رۆشنبیرانی پارێزگای كەركووك، تەنیا كەسانی دیاریكراو بانگێشتی ئەو دیدارە دەكەین نەك هەموو كەس، هاوكات هەستمان بە مەترسییەكانی پەتای كۆرۆنا كردووە، بۆیە دەكرێ بە رێنوێنییەكانی خۆپارێزییەوە چالاكی دەست پێ بكەینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەلایەن دەزگە تەناهییەكانەوە ئاگەدار كراوینەتەوە، ئەگەر لەژێر ئەو ناوەدا قەرباڵغی دروست بكەین دەمانگرن، دەكرا بە شێوەیەكی تر قسەیان بكردایە، چونكە ئێمە دەزانین چۆن كارەكانمان رێك دەخەین.

 لەبارەی خشتەی كارەكانیانەوە، باسی لەوە كرد كە خشتەی چالاكییەكان  بەمشێوەیە،  یەكەم چالاكی، شەموو 5/9/2020، نەوت و دیموكراسی، بۆ بۆكان عەبدوڵایە، دووەم چالاكی، دووشەم 7/9/2020، منداڵانی سەرشەقام، ڕەوڕەوەیەك بەرەو هەڵدێر، بۆ مامۆستا ڕەحیم سەرەڕۆ، سێیەم چالاكی، چوارشەم 9/9/2020، دیدگایەك بۆ شانۆی سەرشەقام و تایبەتمەندی لە ئێستەدا، بۆ دەرهێنەری شانۆیی، نەژاد نەجم، چوارەم چالاكی، شەموو 12/9/2020، واژووكردن و ناساندنی كتێبی میدیایی، بەخەیاڵی پراڤدا، بۆ نووسەر مەسعوودی مەلا هەمزە، ساز دەكرێت.

 هەر بەپێی خشتەكە، تەواوی چالاكییەكان لە سەعات 5ی ئێوارە لە بینای سەنتەری ڕۆشنبیریی كەركووك بەڕێوە دەچێت،  هاوكات ژمارەیەك لە رۆشنبیرانی كەركووك لەبەر دۆخی ناوچەكەیان، تەنیا بە ئاگەداركردنەوە، "وشە"بەوە ئاگەدار كردەوە لە شارەكەیان قاوەخانە و كافیتریاكان جمەیان دێ، ئیتر بۆچی رۆشنبیران بە چاوسووركردنەوە چالاكییەكانیان دەست پێ بكەوە.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل