بەرپرسی پێشبینییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، پێشبینی دەكرێت تا 10 ڕۆژی تر پلەكانی گەرمی بەیەك شێوە بمێنێتەوە و گۆڕانكاری نەبێت لە كەشوهەوا.
ئەمڕۆ چوارشەم نۆی ئەیلوول، بژار ئەكرەم بەرپرسی پێشبینییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كەشوهەوای ئەمساڵ لە مانگی ئەیلوول بە بەراورد بە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو جیاوازی هەیە.
ئەمساڵ لەچاو ساڵی ڕابردوو گەرمترە و پلەی گەرمی بە بەرزی ماوەتەوە
بەرپرسی پێشبینییەكانی كەشناسی گوتی، ئەمساڵ لەچاو ساڵی ڕابردوو گەرمترە و پلەی گەرمی بە بەرزی ماوەتەوە.
باسی لەوەشكرد، تا 10 ڕۆژی تر گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە كەشوهەوا و پلەكانی گەرمی نابێت و تا ڕادەیەك بەجێگیری دەمێنێتەوە و هەولێر 40 پلە و سلێمانی 37 پلە و دهۆك 38 پلە دەبێت.
ئەو گوتانەی بەرپرسی پێشبینییەكانی كەشوهەوا لە كاتێكە، ساڵی ڕابردوو لەم كاتە پلەی گەرمی لە هەولێر 38 بوو و لە سلێمانی 35 و لە دهۆك 35 پلە بوو.
هەرێمی كوردستان كاریگەرە بە كەشوهەوای دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور، ساڵانە لە زستان چەندان شەپۆڵی باران و بەفر دەیگرێتەوە و پلەكانی گەرمی لە هەندێك شوێن دادەبەزێت بۆ 15 پلەی ژێر سفر.