لە کۆمەڵگەی شۆڕش لە شارۆکەی چەمچەماڵ دوو کچی تەمەن 17 ساڵ و 20 ساڵان کوژراون و تا ئێستا تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە و پۆلیسیش دەڵێت، "بەپێی سەرەداوەکان باوکیان تاوانەکەی ئەنجامداوە".
دایکی دوو کچەکە پێشتر شووی کردووەتەوە و ئەوان لەگەڵ باوکیان ژیاون
ئەمڕۆ چوارشەم نۆی ئەیلوول، محەمەد عەبدی بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆکەی چەمچەماڵ بە "وشە"ی راگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستە، دوو کچی تەمەن 17 ساڵ و 20 ساڵ بە ناوەکانی هێلین و ئاوارە، کوژراون و ئەوەی تا ئێستا وەک زانیاری هەیە باوکیان ئەو کارەی کردووە.
زیاتر روونی دەکاتەوە، زانیاری هەیە دوو کچەکە لە چەمی برایم ئاغا لە ناوچەی شوان نێژراون، ماوەی دوو رۆژە هێزە تەناهییەکان و ئاسایش و لایەنی تر کێوماڵی ئەو ناوچەیان کردووە، بەڵام شوێنەکەیان نەدۆزیوەتەوە، دراوسێکانیان گوتویانە ئەو پیاوە زۆر بەکەمی بینراوە، هەندێکجار ماتۆڕ و هەندێکجاریش ئۆتۆمبێلی پێبووە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ دووپاتی دەکاتەوە، باوکەکە ئێستا دیارنییە، پیشەی کاسبە و بە رەگەز کوردە، کەسێکی نزیکی ئەو دوو کچە باسی لەوە کردووە باوکیان تاوانەکەی ئەنجامداوە، دایکی دوو کچەکە پێشتر شووی کردووەتەوە، ئەو دوو کچە لەگەڵ باوکیان ژیاون، خانووەکەیان داخراوە و کرێچیشن.
وشە ناوی باوکەکەی لە بەردەستدایە، بەڵام لە ئێستادا پۆلیس پێی باشبوو تا دەستکەوتنی زانیاری تەواو لەسەر رووداوەکە، ناوەکەی بڵاونەکرێتەوە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی