تەرمی دوو كچە كوژراوەكەی چەمچەماڵ دۆزرایەوە

:: PM:01:17:09/09/2020 ‌
بەرپرسێكی تەندروستی ڕای دەگەیەنێت، لە نزیك گوندێكی چەمچەماڵ تەرمی ئەو دوو كچە كوژراوە دۆزرایەوە كە باس لە كوشتنیان دەكرێت لەلایەن باوكیان.

ئەمڕۆ چوارشەم نۆی ئەیلوول، شەریف رەحیم گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ بە "وشە"ـی راگەیاند، پۆلیسی چەمچەماڵ داوای ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی تەرمیان لێكردین، كە لە نزیك گۆڕستانی گوندی برایم ئاغا كە چەند خولەكێك لە چەمچەماڵەوە دوورە، تەرمی دوو كچیان دۆزیوەتەوە.
 
زیاتر روونی دەکاتەوە، باس لەوە دەكرێت لەلایەن باوكیانەوە ئەو دوو كچە كوژراون، تەرمی دوو كچەكە لە دەرەوەی گۆڕستانەكە بەخاكسپێردراون، بڕیارە تەرمەكان دەربهێندرێن و بگوازرێنەوە  نەخۆشخانە بۆ ئەوەی پشكنینیان بۆ بكرێت.

تەرمی دوو كچەكە لە دەرەوەی گۆڕستانەكە بەخاكسپێردراون
ماوەی چەند ڕۆژێكە پۆلیسی چەمچەماڵ سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لە دەنگۆی كوژرانی دوو كچ لەلایەن باوكیانەوە.  

محەمەد عەبدی بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆكەی چەمچەماڵ بە "وشە"ی راگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستە، دوو كچی تەمەن 17 ساڵ و 20 ساڵ بە ناوەكانی هێلین و ئاوارە، كوژراون و ئەوەی تا ئێستا وەك زانیاری هەیە باوكیان ئەو كارەی كردووە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، زانیاری هەیە دوو كچەكە لە چەمی برایم ئاغا لە ناوچەی شوان نێژراون، ماوەی دوو رۆژە هێزە تەناهییەكان و ئاسایش و لایەنی تر كێوماڵی ئەو ناوچەیان كردووە، بەڵام شوێنەكەیان نەدۆزیوەتەوە، دراوسێكانیان گوتویانە ئەو پیاوە زۆر بەكەمی بینراوە، هەندێكجار ماتۆڕ و هەندێكجاریش ئۆتۆمبێلی پێبووە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ دووپاتی دەكاتەوە، باوكەكە ئێستا دیارنییە، پیشەی كاسبە و بە رەگەز كوردە، كەسێكی نزیكی ئەو دوو كچە باسی لەوە كردووە باوكیان تاوانەكەی ئەنجامداوە، دایكی دوو كچەكە پێشتر شووی كردووەتەوە، ئەو دوو كچە لەگەڵ باوكیان ژیاون، خانووەكەیان داخراوە و كرێچیشن.
 



وشە - رامیار جەواد