کاریگەرییەکانی کارکردن بە دانیشتن بۆ ماوەیەکی درێژ

:: PM:04:26:09/09/2020 ‌
چۆن کەوتنە ژێر گوشار و ماندووبوون جەستە بەرەو کاریگەریی خراپ دەبەن، بە هەمان شێوەش کارکردن بەشێوازی هەڵەی دانیشتن دەکرێت هەمان کاریگەریی نەرێنی لەسەر جەستە دروست بکات.

کاتێک دەڵێین کاری دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر، تەنیا ئەو کارانە ناگرێتەوە کە لەپشتی کۆمپیوتەرێکەوە دانیشیت و بۆ ماوەیەکی درێژ کار بکەیت، بەڵکو کارەکانی شۆفێری، پاسەوانی و سکرتێری و دەیان کاری تری هاوشێوە هەن، دکتۆر تۆڵە فەرەج مامۆستا لە زانکۆی پزیشکیی هەولێر، بۆ "وشە"ی باس کرد کە ئەم جۆرە دانیشتنانە چ کاریگەرییەکی تەندروستی بۆ سەر جەستە دروست دەکات، یان دەکرێت ئەوە ڕاست بێت کە کارکردن بە دانیشتن هۆکار بێت بۆ دووهێند بوونی ناتەندروستیی جەستە؟.

دانیشتنی بەردەوام کاریگەریی نەرێنیی لەسەر مێشک دەبێت

باسی لەوە کرد، لێکۆڵینەوە زانستیەکان باس لە چەندان کاریگەریی نەرێنی ئەم شێوازە لە کارکردن دەکەن، بە جۆرێک کە هۆکارە بۆ لاوازیی جەستە، ئێسک، ماسولکەکان و زیادبوونی کێش، ئەمەش لە ئەنجامی  ئارەزووکردن بەخواردن لە کاتی کارکردن و نەبوونی جوڵەی جەستە بەو واتایەی کە جەستە ناتوانێت کالۆری/ووزەی زیاد بسووتێنێت و ئەو وزەیە دەگۆردرێت بۆ چەوری و لە تەواوی جەستە کەڵەکە دەبێت.

د. تۆڵە ڕوونی کردەوە، توێژینەوە زانستیەکان دەریانخستووە، قەڵەوی بە دەستپێکی نەخۆشییەکانی هەوکردن و دڵ و تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە دادەندرێت، هاوکات لەگەڵ تێکچوونی فرمانی پەنکریاس و نا هاوسەنگی لە دەردانی هۆڕمۆنی ئینسۆلین، هەروەها تۆپەڵبوونی خوێن لە موولوولەکاندا جارێکی تر ئەستەنگ بۆ  کرداری سووڕی خوێن و دڵ دروست دەکات. 

دانیشتنی بەردەوام کاریگەریی نەرێنیی لەسەر مێشک دەبێت، مرۆڤ بەرەو لاوازی و خەمۆکی و گۆشەگیری دەبات، لەکاتێکدا زۆربەی کارەکان ئێستە لە ڕووی کۆمپیوتەرەوە دەکرێن کە ئەمەش بە واتای نەبوونی هیچ پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی و بەرنەکەوتن لەگەڵ هاوڕێی کار و تێکئاڵانی کاتەکانی کارکردن لە نێوان شەو و ڕۆژدا، ئەمەش جارێکی تر ناهاوسەنگی لە کاری مێشکدا بە ڕوونی دەردەخات و هۆکارە لە ڕوودانی ئیفلیجیی مێشک و بەرزیی فشاری خوێن و بەرزیی ڕێژەی کۆلێستڕۆڵ و ڕەنگە مردنی لە ناکاوی لێ بکەوێتەوە. د.تۆڵە وای گوت.

دەرکەوتنی ئازاری مل و بڕبڕەی پشت و ماسولکەکان دەرئەنجامی ئەم شیوازە لە کارکردنە دەبن، بەپێی قسەی ئەو پزیشکە، توێژینەوەکان باس لە ترسناکی زیاتری دەکەن لە سەرهەڵدانی شێرپەنجەی کۆڵۆن و سیەکان، هەروەها دەرکەوتنی شێرپەنجەی مەمک لە خانمان.

بە پێویست دەزانرێت کە لەکاتی بەجێ گەیاندنی ئەو جۆرە ئەرکانەی کە بە دانیشتنەوەن، تا ڕادەیەکی بەرچاو جوولەی جەستە ئەنجام بدرێت بە تایبەت لە کاتی پشوو، شێوازی دانیشتن و کورسیی تایبەتی تەندروست بە جەستەش بەکاربهێنرێت، تا مەترسییەکان کەم بکرێنەوە. 


وشە - ڕێناس شابان