بۆچی تەمەن كاریگەری گەورەی لە مردن بە كۆرۆنا هەیە؟

:: PM:05:31:09/09/2020 ‌

لە ماوەی 10 مانگی بڵاوبوونەوەی لە سەرانسەری دنیا، ڤایرۆسی كۆرۆنا تا ئێستە 27 ملیۆن و 787 هەزار تووشبوون و زیاتر لە 900 هەزار مردنی لێ كەوتووەتەوە، زانایان لە توێژینەوەكانیان لەسەر پەتاكە بەردەوامن، لەوكاتەی كەسانی بەتەمەن كاتێك تووشی كۆرۆنا دەبن، ئەگەری مردنی زیاتریان هەیە، شارەزایان هۆكارەكەی لێك دەدەنەوە.
پیربوونی سیستمی بەرگری لەش مەترسیدارە
بەپێی داتا تەندروستییەكان كەسانی بەتەمەن، لەوانەی تووشی كۆرۆنا دەبن، واتە لە سەرووی تەمەنی 40 ساڵ، ئەوان زیاتر ئەكەری مردنیان هەیە، چونكە زۆرینەیان تووشی نەخۆشی درێژخایەن بوونەتەوە وەك شەكرە و بەرزی پەستانی خوێن و كێشەی سییەكان، بەشێك لە زانایان ئاماژە بۆ هۆكارێكی تر دەكەن جگە لەوانە، ئەویش لاوازی و پیربوونی سیستمی بەرگری لەشیانە.

رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی ئاماژە دەكات، لەگەڵ بەتەمەنداچوون و تێپەڕبوونی كات، خانەكانی سیستمی بەرگری لەشی مرۆڤ گۆڕانكاری گەورەیان بەسەردا دێت و زیاتر ئاڵۆز دەبن، بەهۆی ئەو گۆڕانكاریانەیش، خانەكانی لەشی بەتەمەنداچووان وەڵامدانەوەیەكی نەگونجاویان بۆ دوژمنەكان دەبێت، یان زیاد لەپێویست دەبێت و زیانی دەبێت و هەوكردنی دروست دەكات، یان دوا دەكەوێت و نەخۆشییەكە كۆنترۆڵی لەش دەكات. 

توێژەران كە لە پیربوونی سیستمی بەرگری دكۆڵنەوە، پێیان وایە تێگەیشتنی ئەو گۆڕانكاریانە تەنیا نابێتە هۆی تێگەیشتنی كاریگەریی تەمەن، بەڵكو یاریدەر دەبێت بۆ دانانی پلانی باشتر لە بواری بەرهەمهێنانی ڤاكسین و دەرمانی چارەسەری بۆ پەتای كۆرۆنا لە داهاتوودا.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل