ئۆیل پەمپ چییە و نیشانەکانی خراپ بوونی چین؟

:: PM:03:55:10/09/2020 ‌

یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی بزوێنەری ئۆتۆمبێل ئۆیل پەمپە کە ئامێرێکی میکانیکییە و پەستانی پێویست دروست دەکات بۆ کرداری سووڕاندنەوەی ڕۆن لەناو بزوێنەردا.

لەم بارەیەوە کاروان نەسروڵا ئەندازیاری میکانیکی و شارەزای بواری ئۆتۆمبێل بە ''وشە''ی ڕاگەیاند، بڕی ئەو ڕۆنەی ئۆیل پەمپ دەینرێت بۆ بزوێنەر بەندە لەسەر خێرایی بزوێنەر، چونکە ئۆیل پەمپ ڕاستەوخۆ لەسەر کرانک شەفتی بزوێنەر دەبەسترێت یان لەڕێگەی زنجیرەوە دەبەسترێتەوە بە کرانک شەفتی بزوێنەر. واتە چەند خێرایی ''RPM'' بزوێنەر زیاتربێت ئۆیل پەمپیش پەستانی زۆرتر دروست دەکات بۆ ناردنی ڕۆن.

دەرئەنجامی خراپ بوونی ئۆیل پەمپ؟

لەبارەی دەرئەنجامەکانی خراپبوونی ئۆیڵ پەمپ ئەو شارەزایە گوتی، کاتێک ئۆیل پەمپ کار ناکات دوای ماوەیەکی کەم لە ڕۆیشتن بزوێنەر لە کارکردن دەوەستێت، بەمەیش پێویست دەکات بزوێنەر بکرێتەوە و چارەسەر بکرێت، سەرەڕای تێچوویەکی زۆر تەمەنی بزوێنەریش کەم دەبێتەوە، هەندێک جاریش دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی بزوێنەر.

ئەوەیشی ئاشکرا کرد کە ئەمانەی خوارەوە سەرەکیترین نیشانەکانی خراپ بوونی ئۆیل پەمپن:

یەکەم - گڵۆپی ئۆیل پەمپ لەسەر داشبۆرد دادەگیرسێت.

دووەم - گێچی پەستانی ڕۆن ئاستێکی نزم دەخوێنێتەوە.

سێیەم - هەندێکجار بزوێنەرەکە دەنگێکی بەرز دەردەکات.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان