دوو زانیاری نوێ لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا

:: PM:04:52:10/09/2020 ‌

تا ئێستە ئاماری قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنا روو لە هەڵكشانە، ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە سەرووی 28 ملیۆن حاڵەت و مردنیش لە 909 هەزار حاڵەت نزیك بووەتەوە، نوێترین توێژینەوە سەبارەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاماژە دەكات كە لە تاقیگە ڤایرۆسەكە هێرشی كردووەتە سەر ماسوولكەی دڵ و ریشاڵەكانی پارچە پارچە كردووە، جیا لە دەركەوتنی نیشانەیەكی تری تووشبوون لە منداڵدا. 
توێژینەوەكان زانیاری زیاتر لەبارەی كۆرۆناوە ئاشكرا دەكەن
ئەوەی زانراوە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر سییەكانی مرۆڤ كار دەكات، كاتێك دەگاتە سییەكان پەكیان دەخات و لە توانای هەناسەدان دەكەون، توێژەران لە تاقیگە بینیان كە ڤایرۆسەكە كاتێك هێرش دەكاتە سەر ماسوولكەی دڵ، ریشاڵەكانی ئەو ماسوولكانە پارچە پارچە دەكات و دەبێتە هۆی لەناوچوونی بەردەوامی خانەكانی دڵ، ئەوە لە تاقیگەدا، توێژەران بەڵگەیان دەست كەوت كە رەنگە هەمان شت بەسەر دڵی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا رووبدات.

ئەو دۆزینەوە نوێیە كە ئەنجامەكەی لە 25ی ئابی رابردوو لە ماڵپەڕی "bioRXiv" بڵاو كرایەوە، تا ئێستە پێداچوونەوەی بۆ نەكراوە و بە بەڵگە روودانی لە نەخۆشانی كۆرۆنا نەسەلمێنراوە، تود ماكدیفیت، توێژەر دەڵێت، ئەوەی بینیمان ئاسایی نەبوو، رەنگە ئەو دۆزینەوە پێشانی بدات كە ڤایرۆسی كۆرۆنا چۆن زیان بە دڵی تووشبووان دەگەیەنێت، لەوكاتەی توێژینەوەی پێشوو بوونی شێوانی لە دڵی بەشێك لە تووشبووانی كۆرۆنا ئاشكرا كرد، لەوانە هەوكردنی ماسوولكەی دڵ. 

لەلایەكی تر زانایانی بەریتانیا وای دەبینن كە نەمانی ئارەزووی خواردن لای منداڵان، رەنگە نیشانەیەكی تری توشوبوونیان بێت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، كاتێك دەركەوت زیاتر لە سێ لەسەر یەكی منداڵان لە خوار 18 ساڵ كە تووشی كۆرۆنا بووبوون، ئارەزووی خواردنیان نەمابوو، وەك "دەیلی میڵ"، باسی كردووە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل