ورچ لە چیایەکی کوردستان پەلاماری هاووڵاتییەکی دا

:: PM:01:02:12/09/2020 ‌
لە چیایەکی پیرانشار لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان ورچ هێرشی کردە سەر هاووڵاتییەک و بە سەختی برینداری کرد.

محەمەد کاسیان زادە سەرۆکی تۆڕی تەندروستی و دەرمانی پیرانشار گوتوویەتی دوای ئاگادارکردنەوەیان لە هێرشی ئەم ئاژەڵە دڕندەیە فریای کەوتوون و بۆ نەخۆشخانەیان گواستووەتەوە.

بەگوێرەی ئیرنا  ئەو روونی کردەوە کەسەکە لە ژێر چاودێری پزیشکی دایە و دەست و پێی بریندار بووە.

شوێنی رووداوەکە بەرزاییەکانی کانی لۆسەیە لە پیرانشار و بەهۆی ئەوەی دارستانی چڕی هەیە ورچ و کۆمەڵێک ئاژەڵی تری دڕندەی تیدا دەژین.

ئەگەر شارەزای ناوچەکە نین نابێ لە خۆیانەوە گەشتی ئەو چیایانە بکەن
بەرپرسان هۆشدارییان داوەتە هاووڵاتیان ئەگەر شارەزای ناوچەکە نین نابێ لە خۆیانەوە گەشتی ئەو چیایانە بکەن چونکە ئەگەری زۆرە ئەم جۆرە رووداوانە دووبارە ببنەوە.

ئەو ورچەی هێرشەکەی کردووە لە جۆری ورچی قاوەییە و زیاتر لە چیا و داسرستانەکانی کوردستان دەژیت.

لەسەر وردەکارییەکانی رووداوەکە و چۆنیەتی خۆرزگارکردنی هاووڵاتییەکە لە پەلاماری ورچەکە زانیاری زیاتر بڵاو نەکراوەتەوە.



وشە - سلێمان تاشان