مێردەکەی شاناز: ئەگەر باش بوویتایە بە ئەڵقەیەک شووت پێ نەدەکردم

:: PM:01:37:12/09/2020 ‌
شاناز قوربانییەکی تری ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان ژن و مێردەکانی هەرێمی کوردستانە، لە باسکردنی چیرۆکی ژیانی خۆی و مێردەکەیدا دەڵێ، پشتم کردە خێزانەکەم و بە یەک ئەڵقەی زیو شووم پێ کرد، کەچی دەڵێ: ئەگەر باش بوویتایە وات نەدەکرد.

شاناز ناوی خوازراوی ژنێکی کوردە و لە یەکێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێیە، لە خێزانێکی ناسراو بە ناز و خۆشەویستی گەورە کراوە، بە گوتەی خۆی، باری داراییان زۆر باش بووە و تا ئەو تەمەنەی ئێستەی هەرچییەکی پێویست بووبێ بۆی دابین کراوە.

قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیی بە سەرکەوتوویی بڕیوە، لە پۆلی 12 لەبەر ئەوەی قوتابخانەکەی لێیانەوە نزیک بووە، بەپێ هاتوچۆی کردووە، بەڵام ئەگەر کەشوهەوا زۆر گەرم بووایە یان سارد و باراناوی بووایە، باوکی هاتوچۆی پێ کردووە.

چیرۆکی شاناز لێرەوە دەست پێ دەکات، ماوەیەک کە بە پێ هاتوچۆی کردووە، هەستی کردووە کەسێک شوێنی دەکەوێت، تا ڕۆژێک ئەو کەسە دێتە پێشی و سڵاوی لێ دەکات و پێی دەڵێت کە زۆری خۆش دەوێت، بەڵام شاناز وەڵامی ناداتەوە و لە ڕۆشتن بەردەوام دەبێت.

شاناز چیرۆکەکەی بەم شێوەیە بۆ "وشە" گێڕایەوە: ئەو ڕۆژە زۆر ترسام، چونکە پێشتر قەت شتی وام بەسەر نەهاتبوو، تا دوو سێ ڕۆژ دوای ئەو ڕووداوە جارێکی تر هاتەوە پێشم، لەدوای ئەوەش ئەم کارەی هەر دووبارە دەکردەوە و بەتەواوی بێزاری کردبووم، منی خستبووە دڵەڕاوکێ و ترسێکی زۆرەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو جارەکان بە ناشرینی وەڵامم دەدایەوە.

ماوەیەک ئەو کوڕە دیار نەماوە، وای لە شاناز کردووە تووشی دوودڵی و سەرسڕمان بێت لە دیارنەبوونی و لەڕێی چوونی بۆ قوتابخانە چاوی بەدوایدا گێڕاوە، وەک خۆی دەڵێ: نازانم بۆچی وام لێ هاتبوو، کە نەمدەبینی بۆی بێتاقەت دەبووم، بەلاشمەوە سەیر بوو کە وام لێ هاتووە بۆی.

ژمارەکەمم پێی دا

شاناز دەڵێ: ڕۆژان هات و چوو، ڕۆژێک جارێکی تر ئەو کوڕەم بینییەوە، هاتەوە پێشم و وەکو جاران سڵاوی کردەوە، بەڵام ئەمجارە من تووڕە نەبووم و جیاواز لە جاران وەڵامم دایەوە، پرسیارم لە دیارنەمانی کرد و گوتی لە گەشت بووم، لە دووریی من دەڕۆیشت و قسەمان دەکرد و دەپاڕایەوە تا ژمارەی مۆبایلەکەمی بدەمێ، بەڵام من پێم نەدا تا بەڵێنی دا بێزارم نەکات، منیش ژمارەکەمم پێی دا.

ناوی خوازراوی ئەو کوڕە "هونەر"ـە، شاناز و هونەر کەوتنە خۆشەویستیی یەکترەوە، تا درەنگانی شەو بەیەکەوە قسەیان کردووە و بەپێی قسەی شاناز، تەواو عاشقی یەکتر بووین.

شاناز پۆلی شەشی بە نمرەیەکی بەرز بڕی و لە کۆلێژ وەرگیرا، بەڵام لەبەر ئەوەی هونەر دڵی لێی پیس بووە، داوای لێ کردووە نەچێتە کۆلێژ و واز لە خوێندن بهێنێت، تا چووەتە قۆناغی دووەمی کۆلێژ و داوای لە هونەر کرد بچێتە خوازبێنیی.

هونەر بە بیانووی ئەوەی پارە و ئیشی نییە، بە شانازی گوتووە ناتوانم جارێ بێمە داوات، بەڵام شاناز لەبەر ئەوەی خۆشەویستی بەرچاوی گرتبوو، گوتویەتی: بە یەک ئەڵقە شووت پێ دەکەم و هیچم ناوێت.

ماڵی هونەر چوونە خوازبێنیی شاناز، دوای ئەوەی ماڵی باوکی شاناز پرسیاریان لەبارەی ماڵی هونەر کردووە، بۆیان دەرکەوتووە ئەو خێزانە لەگەڵ کچەکەیان و ئەوان ناگونجێن، بۆیان دەرکەوتبوو ئەو کوڕە باش نییە و پێشینەی خراپە، کاتێکوش شاناز ئەم شتانەی لە دەمی خێزانەکەی بیستووە زۆر تووڕە بووە، وەک خۆی دەڵێ: من بەتەواوی عاشقی هونەر بووم و نەمدەتوانی بەبێ ئەو بژیم، بۆیە لەگەڵ ڕەتکردنەوەی خێزانەکەم بۆ هونەر، ئەوان زیاتر دەهاتنە خوازبێنیم و هەشت جار هاتنە ماڵمان.

بە حاشاکردنی خێزانەکەم ڕازی بووم بەو مەرجەی شوو بە هونەر بکەم

شاناز درێژەی بە گێڕانەوەکەی دا، باوکم سوور بوو لەسەر ئەوەی من نەدا بە هونەر، بەڵام من گوتم ئەگەر ئەو کوڕە نەبێ شوو بە کەس ناکەم، باوکم و براکانیشم گوتیان: ئەگەر شووی پێ بکەیت حاشات لێ دەکەین، منیش بە حاشاکردنی خێزانەکەم ڕازی بووم بەو مەرجەی شوو بە هونەر بکەم.

بەدەم گریان و ڕشتنی فرمێسکەوە چیرۆکەکەی بۆ "وشە" تەواو کرد و گوتی: خمارەکردن و گواستنەوە و هەموو شتێکم لە ماوەی سێ ڕۆژدا بوو، لەسەر قسەی خۆم سوور بووم و زێڕم نەکرد، یەک ئەڵقەی زیوی بۆ کردم و مارەییەکەشم یەک قورئانی پیرۆز بوو، نە کەس هاتە بۆنەی مارەکردن و گواستنەوەکەم و نە هیچ ئاهەنگێکم بۆ ساز درا.

شاناز دەڵێ: شووکردنم و چوونم بۆ جەهەنەم وەک یەکن، هەفتەیەک نەبوو لای هونەر بووم، داوای لێ کردم نەچمەوە کۆلێژ، منیش زۆر گریام و پاڕامەوە تا ڕازی بێت درێژە بە خوێندنەکەم بدەم، بەڵام هیچ سوودی نەبوو، بۆیە بە ناچاری وازم هێنا.

لەبەر ئەوەی باوک و براکانی حاشایان لێ کردبوو، شاناز جگە لە دایکی کەسی نەبووە خەمەکانی بۆ باس بکات، ئەویش دەبوو بە دزیی باوک و براکانییەوە تەلەفۆنی بۆ بکات، جار جارە خەمەکانی بۆ هەڵدەڕژێت. 

شاناز ئێستەش لەگەڵ هونەر دەژی، دەڵێ: ڕۆژ بە ڕۆژ ژیانمان خراپتر دەبێت و بەتەواوی ژیانم ناخۆش بووە، شەوانە بە سەرخۆشی دەگەڕێتەوە ماڵەوە و بۆشم دەرکەوتووە پێوەندیی سێکسیی لەگەڵ چەندان ژنی تر هەیە، کاتێکیش ناڕەزایەتی دەردەبڕم دەڵێ: ئەگەر باش بوویتایە بە ئەڵقەیەک ڕازی نەدەبووی پێم و شووت پێ نەدەکردم.

هەولێر/ دیدار سابیر


وشە - ڕێناس شابان