چەند مانگێكە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە تەواوی دنیا بڵاو بووەتەوە و ملیۆنان كەس تووشی بوونە و مردوانیش لە ملیۆنێك نزیك دەبێتەوە، تا ئێستە چارەسەری پەتاكە نییە، لەوكاتەی دنیا بەرەو وەرزی سەرما دەچێت و ئەگەری سەرهەڵدانی پەتای ئینفلەوەنزایش هەیە، پزیشك و شارەزایان وریایی لەوە دەدەن دەكرێ مرۆڤ هاوكات تووشی هەردوو ڤایرۆسەكە ببێت، ئەوكات دووچاری شوێنەواری مەترسیداری درێژخایەن دەبێتەوە.
بەیەكەوە سییەكان تووشی پەككەوتنی هەناسەدان دەكەن
ماڵپەڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریكی لە ئەدریان بۆرۆز، پزیشكی شارەزای بواری خێزان لە فلۆریدای گواستەوە، دەتوانی دڵنیا ببیەوە كە هاوكات تووشی هەردوو ڤایرۆسەكە دەبیت، ئەوكات رەنگە كاریگەرییەكی كارەساتبار بەسەر سیستمی بەرگری لەش بمێنێتەوە.
سیما یاسەمین، زانای پەتازانی ئاماژە دەكات، تووشبوونت بە یەكێك لەو دوو ڤایرۆسە وا دەكات ئەگەری تووشبوونت بەوەی تریش هەبێت، روونی كردەوە، هەركاتێك تووشی ئینفلەوەنزا یان هەر ڤایرۆسێكی تری كۆئەندامی هەناسەدان بوویت، لەشت لاواز دەبێت و سیستمی بەرگری لەشت لاواز دەبێت و وا دەكات ئەگەری تووشبوونت بە پەتای تر ببێت.
دەكرێ هەردوو ڤایرۆسی ئینفلەوەنزا و كۆرۆنا هاوكات هێرش بكەنە سەر سییەكان، ئەوەیش دەبێتە هۆی هەوكردنی سییەكان و كۆبوونەوەی شلە تیایاندا یان پەككەوتنی كۆئەندامی هەناسەدان، وەك ناوەندی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكان و خۆپاراستن لێیانەوە باسی دەكات.
لەوكاتەی ڤایرۆسی ئینفلەوەنزا بە هاوشێوەی كۆرۆنا دەكرێ تووشی هەوكردنی شانەكانی دڵ و مێشك و ماسوولكەكانت بكات، مایكل ماتهای، مامۆستا و شارەزای چاودێری چڕ لە زانكۆی مالیفۆرنیا لە سانفرانسیسكۆ دەڵێت، تووشبوونی هەردوو ڤایرۆسی هاوكات، مەترسی مانەوەی كاریگەریی خراپی ڤایرۆسەكان بۆ ماوەیەكی درێژخایەن لەسەر ئەندامانی لەش زیاتر دەكات، بێگومان ئەوان بەیەكەوە زیانی زیاتریان بۆ سییەكان دەبێت و تووشی پەككەوتنی هەناسەدانی دەكەن.