كەمپێكی نوێ بۆ پەنابەرانی كەمپە سووتاوەكەی مۆریا دروست كرا

:: PM:06:30:12/09/2020 ‌
نوێنەری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی ئاشكرای دەكات، كەمپێكی نوێ بۆ پەنابەرانی كەمپە سووتاوەكەی مۆریا دروست كراوە.

ئەمڕۆ شەموو 12ی ئەیلوول، هیوا خدر نوێنەری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بە چاودێری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی یۆنان و بە هاوكاری ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران UNHCR و ڕێكخراوی كۆچی نیودەوڵەتی كەمپێكی نۆیی كاتی بۆ سێ هەزار پەنابەری كەمپە سووتاوەكەی مۆریا لە دوورگەی لیسڤۆس لە ناوچەی ییسا دروست كرا.

زیاتر گوتی، "سەرۆكی شارەوانی میتیلی ستراتیس كیتلیس دژایەتی خۆی بەدروستكردنی كەمپی نوێی بۆ پەنابەران دەربڕی و ڕای گەیاند، سیاسەت و هەڵوێستی شارەوانی كەمكردنەوە و دەركردنی پەنابەرانە لە دانیشتووانی ناوچەكە و دوورگەكە، گوتیشی /ڕێگەنادەین و كاردەكەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو كەمپە/."

ڕۆژی نۆی ئەیلوول، ئاگرێكی گەورە لە كەمپی پەناخوازانی یۆنان كەوتەوە و دوای ئەو ڕووداوەش سەرجەم پەناخوازەكان بە خێرایی بۆ شوێنێكی تر گواسترانەوە. لەكاتی ئاگرەكەدا 25 ئۆتۆمبێڵی ئاگركوژێنەوە و 10 ئۆتۆمبێڵی تایبەتی كۆنترۆڵكردنی ئاگر لە هەوڵی كوژاندنەوەی ئاگرەكەدابوون، كەمپی پەناخوازانی موریا 13 هەزار پەناخوازی لەخۆگرتووە و چوار هێندەی ئەو ئامارە فەرمییەیە راگەیەنراوە.

هەفتەی ڕابردوویش دوای ئەوەی ئەنجامی پشكنینی یەكێك لە پەناخوازەكان پوزەتیڤ راگەیەنرابوو بە خێرایی كەمپەكە كەرەنتینە كرا.

بەهۆی خراپی ڕەوشی ئابووری و سیاسیی سووریا و ئەفغانستان و عێراق و بەشێكی وڵاتانی ئاسیا و وڵاتانی ئەفەریقا و بەردەوامی تەنگژەكانی، بەشێكی زۆری دانیشتووی ئەو وڵاتە، بڕیاری جێهێشتنیان داوە و لە كەمپەكانی توركیا و یۆنان دەژین تا لەوێوە ڕەوانەی وڵاتی سێیەم بكرێن.


وشە - محەمەد میران