سەیران: خەسووم لەشفرۆش بوو و بە دەنکە حەبێک منیشی تووش کرد

:: PM:05:35:13/09/2020 ‌
ژنێکی 25 ساڵ دوای ئەوەی هاوسەرگیری دەکات و لەگەڵ خەسووی و مێردەکەی پێکەوە لە خانوویەکدا دەژین، هەندێک نهێنیی ژیانی خەسووی بۆ دەردەکەوێت و بەهۆیەوە تووشی لەشفرۆشی دەبێت.

سەیران ناوی خوازراوی ئەو ژنەیە و کارزانیش مێردەکەیەتی و شۆفێری کۆمپانیایەکە کە لە بەیانی تا ئێوارە کار دەکات، سەرەتای هاوسەرگیری ژیانێکی ئاسایی و تا ڕادەیەکی زۆر خۆشبەختیان بەڕێ کردووە، لەگەڵ خەسوویان لە یەک ماڵدا دەژیان و ئەمان لە نهۆمی سەرەوەی خانووەکەدا بوون، وەک خۆی دەڵێ، زۆر تێکەڵی ماڵی خەسووی نەبووە و تەنیا مەگەر کارێکیان پێ بووبێت یان کاتی ئامادەکردنی نان چووەتە لای ماڵی خەسووی و زۆر تێکەڵیان نەبووە.

ئەو پیاوە و خەسووم ڕەسمی منیان بە ڕووتی گرتبوو، هەرەشەی بڵاوکردنەوەیان لێ کردم
باسی چیرۆکی ژیانی خۆی بۆ "وشە" دەکات و دەڵێ: خەسووم نە پیر نە گەنج بوو، تەمەنی مامناوەند بوو و ژنێکی زۆر باش دەردەکەوت، بەڵام ماوەیەک بوو خووی دابووە تەلەفۆنکردن، کاتێکیش من دەچوومە لای، بابەتی قسەکانی تەلەفۆنەکەی دەگۆڕی و نائارامیی پێوە دیار بوو.

سەیران گوتی: کاتێک بە خەسوومم دەگوت تەلەفۆن لەگەڵ کێ دەکەیت، ڕەنگی تێک دەچوو، دەیگوت ئەوە هاوڕێی خۆمن، کاتێک بێتاقەت بم قسەیان لەگەڵ دەکەم.

چیرۆکی ئەم وەڵامەی خەسووەکە درێژەی نەکێشا و ڕۆژێک سەیران هەموو شتێکی بۆ دەرکەوت، کاتێک لە نهۆمی سەرەوەی خانووەکە هاتە خوارەوە و بینی خەسووی لەگەڵ پیاوێکی بێگانە سەرجێیی دەکات، تووشی شۆک دەبێت و دەگەڕێتەوە ژوورەکەی خۆی و هیچ ناڵێت.

سەیران دەڵێ: خەسووم لەسەر ئەم کارەی بەردەوام بوو، هەر ڕۆژەی پیاوێک دەهاتە ژوورەوە و لەگەڵی دەخەوت، کاتێکیش بە خەسوومم گوت بۆچی ئەو کارە دەکات، گوتی تۆ هەقت نەبێت و ئەگەر ئاشکرام بکەیت چی خراپە پێت دەکەم و بە کوڕەکەم دەڵێم تەڵاقت بدا، بۆیە زۆر ترسام و بێدەنگیم هەڵبژارد.

سەیران دەیویست ماڵی لەگەڵ ماڵی خەسووی جیا بکاتەوە، بەڵام مێردەکەی لەبەر ئەوەی مووچەی کەم بوو، هەموو کات ئەو داوایەی سەیرانی ڕەت کردووەتەوە و حەزیشی نەکردووە کاتێک لە دەوامە، ژنەکەی بەتەنیا بێت لە ماڵەوە.

ماوەیەک بەسەر ئەم ڕووداوانە تێپەڕین، ڕۆژێک سەیران کێکی دروست کرد و خەسووشی شەربەتی بۆ گرتەوە لەگەڵ کێکەکەدا بیخۆن، سەیران دەڵێ دوای خواردنەوەی شەربەتەکەی دەستی خەسووم هەستم کرد گێژ دەبم و سەرم دەسووڕێ، بۆیە چوومە سەرەوە و خەوتم.

سەیران بە چاوی پڕ گریانەوە گوتی: کاتێک لەخەو هەستام هیچ جلێکم لەبەردا نەمابوو، پیاوێک دەستدرێژیی کردبووە سەرم کە هاوڕێی یەکێک لە دۆستەکانی خەسووم بوو، بە هەموو هێزی خۆم قیژاندم و هاوارم کرد، خەسووم هاتە سەرەوە و گوتی، هیچ دەنگ مەکە، وێنەی تۆی بینیبوو و عاشقت بووە، لەمەوە بۆم دەرکەوت خەسووم حەبی خەوی کردووەتە ناو شەربەتەکەم و پیاوی هێناوەتە ماڵەوە بۆم.

درێژەی دایە و گوتی: ئەو پیاوە و خەسووم ڕەسمی منیان بە ڕووتی گرتبوو، هەرەشەی بڵاوکردنەوەیان لێ کردم ئەگەر ئەو بابەتە ئاشکرا بکەم و بەردەوام نەبم لەگەڵیان، ئیتر من  تووشی لەشفرۆشی بووم و کەوتمە داوی خەسوومەوە.

سەیران چەند جارێک ویستبووی خۆی بکوژێت بەڵام دەڵێ: کاتێک سەیری منداڵەکانمم دەکرد لە خۆکوشتن پەشیمان دەبوومەوە، دەمگوت ئەوان گوناحیان چییە، ئێستە وازم لەو کارە هێناوە، بەڵام بۆ هەمیشە لای دایک و باوک و هاوسەرەکەم و منداڵەکانم هەست بە شەرمەزاری ئەکەم.

هەولێر/ دیدار سابیر



وشە - ڕێناس شابان