فەلەكناسێك: ساڵی 2021 هاوشێوەی 2020 دەبێت

:: PM:03:52:14/09/2020 ‌

ساڵی 2020 ساڵێكی جیاواز بوو بۆ تەواوی دنیا و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو ساڵە بە چەند رووداو و تەنگژەیەكی گەورە دەستی پێ كرد و تا ئێستەیش كاریگەریان بەردەوامە لە تەنگژەی تێكهەڵكێشی كۆرۆنا و دارایی، فەلەكناسێك پێشبینی بۆ 2021 دەكات كە هاوشێوەی 2020 دەبێت و تۆزێك باشتر.
پێگەكانی ئێران لە عێراق تووشی بۆردمانكردن دەبنەوە
لەیلا عەبدولەتیف، فەلەكناس كە پێشتر پێشبینی دەركەوتنی نەخۆشییەكی كوشندەی كردبوو، پێشبینی دەكات بۆ چەند مانگی داهاتووی ئەمساڵ دۆخی لە هەریەك لە عێراق و سووریا و لبنان و یەمەن و لیبیا بە زەبری هێز یەكلا ببێتەوە، هاوكات ئابووری دنیا، بەتایبەتی ئەمەریكا و ئەوروپا دەڕووخێت، گۆڕانكاری گەورە لە حكوومەتی سووریا دەبێ و تەنگژەی یەمەن بەیەكجاری چارەسەر ببێت. 

روونی كردەوە، پێگەكانی ئێران لە عێراق تووشی رووداوی نەخوازراو دەبنەوە، لەو ساڵە سەرانی ژمارەیەك وڵات دەمرن و چەند وڵاتێك لە دنیا دەكەون، لەوانە نەمانی یەكێتی ئەوروپا بۆ ساڵانی داهاتوو، هاوكات ڤلادیمێر پووتین مەترسی لەسەرە، لە رووی ئابوورییەوە بۆرسەكانی دنیا زەرەر دەكەن و تەنیا زێڕ پارێزگاری لە بەهای خۆی دەكات، بەریەككەوتن لە دەریا لە نێوان توركیا و یۆنان روو دەدات، دۆخی توركیا تێكدەچێت و ناڕەزایەتی جەماوەری روو دەدات و كودەتای سیاسی دژ بە ئەردۆغان روو دەدات. 

ئاماژەی كرد، وڵاتانی عەرەبی جۆرێك لە سەقامگیری بەخۆیەوە دەبینن، سەبارەت بە 2021 هاوشێوەی 2020 دەبێت و چەندان رووداوی نەرێنی تیادا روودەدات، لەوانە كوشتنی چەند كەسایەتییەكی سیاسی لە وڵاتانی عەرەبی و دروستبوونی خۆپێشاندان لە لبنان، بەڵام لەسەر ئاستێكی لاوازتر.

ئەو فەلەكناسە دووپاتی كردەوە لە 2022 نەخۆشی شێرپەنجە لە رێگەی چارەسەرییەكی ئاسان و هەرزان چارەسەر دەبێت و تا هەتایە كۆتایی دێت، لەوكاتەی پێشتر پێشبینی بۆ دەركەوتنی ڤایرۆسێكی لە دنیا كردبوو لە كۆتایی ساڵی رابردوو دەردەكەوێ و بەوهۆیەوە فڕۆكەخانەكانی دنیا دادەخرێن. 
 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل