عێراق.. دوای پاڵپشتیی مەرجەعیەت لە هەڵبژاردن هێزە شیعەكان چی دەكەن؟

:: PM:08:28:14/09/2020 ‌

دیدارەكەی دوێنێی سەرۆكی نێردەی نەتەوەی یەكگرتووەكان لە عێراق و عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای نەجەف و ئەو قسانەی لەو كۆبوونەوەیە كران، پاڵپشتییەكی تەواو بۆ گۆڕانكاری و شەقام و خۆپێشاندەران و دژ بە بەرژەوەندی هێزە سیاسییەكان لێك درایەوە، شرۆڤەكارێكی سیاسی عێراقی دووپاتی كردەوە بەشێك لە سەرانی حزبە شیعەكان سەر بە مەرجەعیەتی نەجەف نین و هەوڵی رێگرتن لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەدەن.
پەیامەكەی سیستانی بۆ حزبە سیاسییەكان بوو، بۆیە پاڵپشتیان لێی نەكرد
ئەحمەد خزر، شرۆڤەكاری سیاسی عێراقی بۆ "وشە" روونی كردەوە، بێگومان لە 2003ەوە جیاوازییەكی گەورە لە نێوان بۆچوون و دیدی مەرجەعیەتی باڵای نەجەف و بۆچوونی حزبەكانی دەسەڵاتدار، بەتایبەتی حزبە شیعەكانەوە هەیە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی بزاوی ناڕەزایەتی تشرینی 2019 مەرجەعیەتی باڵا بە توندی پاڵپشتی لە داواكاری ئەوانی كردووە لە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە رێگەی یاسایەكی دادوەرانەی هەڵبژاردن بۆ گەیشتن بە گۆڕانكاری و چاكسازی ئابووری و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، لەوساتەوە مەرجەعیەت لە رێگەی گوتاری هەینی و بەیاننامەكانی رای گەیاندووە.

زیاتر گوتی، لە دیدارەكەی دوایی بلاسخارت و سیستانی، مەرجەعیەتی باڵا بە توندی هەڵوێستی خۆی یەكلا كردەوە بە پاڵپشتیكردنی داواكاریی بزاوی ناڕەزایەتی تشرین، بە دووپاتكردنەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن و نەهێشتنی گەندەڵكاران و داماڵینی چەك و سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، بۆیە ئێستە بۆچوونی مەرجەعیەت و شەقام و زۆرینەی چینی رۆشنبیری عێراق یەكخراوە، لەلایەكی تر چاوەڕوان ناكرێ حزبەكان بەپیر ئەو بۆچوونەی مەرجەعیەتەوە بێن و پێشوازی لێ بكەن، چونكە ئەوان تەنیا وەك مەرجەعیەت باسی دەكەن، كەچی لە رەفتار و هەڵوێستی سیاسیان تەواو دژ بەو بۆچوونانە كار دەكەن و هەوڵی بەربەستكردنی هەر هەنگاوێك دەدەن بەرەو جێیەجێكردنی ئەو داواكاریانە، چونكە بەشێك لە سەرانی ئەو حزبە شیعیانە لە بنەڕەتدا سەر بە مەرجەعیەتی باڵای نەجەف نین و سەر بە مەرجەعیەتی دەرەوەی عێراقن، بەگشتی ئەوان دژی هەر چاكسازی و گۆڕانێكی پرۆسەی سیاسین و پێچەوانەی بۆچوونی مەرجەعیەتن.

خزر روونی كردەوە، ئەو حزبانە لە هەڵسوكەوت و جموجۆڵەكانیان زیرەكانە كار دەكەن، ئەوان ناتوانن دژایەتی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە یان بۆچوونەكانی مەرجەعیەتی باڵا رابگەیەنن، چونكە لە كاردانەوەی شەقام و جەماوەری شیعە دەترسن، كە خۆیان بە نوێنەرایەتی ئەوان دەزانن، بەڵام پێشبینی دەكرێت بۆ قۆناغی داهاتوو تا هەڵبژاردن كێشەی لابەلا بۆ حكوومەت دروست بكەن بۆ لاوازكردنی و جێبەجێ نەكردنی بۆچوونی مەرجەعیەتی باڵا و خۆپێشاندەران.

 جاسم حلفی، سەركردەی پێشووی حزبی شیوعی عێراق و چالاكێكی خۆپێشاندانەكانی عێراق سەبارەت بە دوایین هەڵوێستی هێزە سیاسییەكانی عێراق بەرانبەر بە بۆچوونەكانی دوێنێ یەكشەمی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای نەجەف، كە دووپاتی لە وادەی دیاریكراو بۆ هەڵبژاردنەكان كردەوە گوتی، ئەو چینە سیاسییەی ئێستە تەنیا بیر لە بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەكەنەوە، ئەوان پاڵپشتی لە هەر قسە و وتار و یاسایەك دەكەن خزمەت بە بەرژەوەندی ئەوان بكات، بەپێچەوانەیشەوە هەر شتێك دژی مانەوەیان لە دەسەڵات و بەرژەوەندی ئەواندا بێت، وەك قسەی دوایی مەرجەعیەت، بە رووكەش پاڵپشتی دەكەن، بە كردەنی دژی دەبن و لە دژی كار دەكەن.

زیاتر گوتی، تەنیا هەرسێ سەرۆكایەتی عێراق بە ئاشكرا پاڵپشتیان بۆ بۆچوونەكانی مەرجەعیەت پێشان دا، ئەو هێزانەیشی پێشتر پاڵپشتیان لێی دەكرد، ئەوجارە بە ئاشكرا پاڵپشتیان لێی نەكرد، ئەوان لە پەیامەكە گەیشتن كە ئاراستەی ئەوان كراوە، واتە ئەو چینە گەندەڵەی وڵاتیان گەیاندە ئەو رۆژە، دووپاتی كردەوە دۆخی عێراق دوو چارەسەری هەیە، لە رێگەی هەڵبژاردنێكی پاك و مەرجدار یان لە رێگەی راپەڕینێكی ئاشتیانە، كە رەنگە ببێتە شۆڕشێكی ئاشتیانە هەموو ئەو چینە گەندەڵە رابماڵێت و حكوومەتی راگوێزەر بەدوای خۆیدا بێنێت، جگە لەوانە رێگەی تر نییە و دەبێت بۆ هەڵبژاردنەكەیش حكوومەت كەشێكی گونجاو فەراهەم بكات.

 دوێنێ یەكشەم جینین بلاسخارت، سەرۆكی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یۆنامی)، سێ مەرجی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە دیاری كرد و وریایی لە رووچوونی دۆخی عێراق بەرەو پشێوی دا، كاتێك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دوای دیداری لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە لە نەجەف گوتی، لە دیدارەكەمان لەگەڵ سیستانی دووپاتمان لە پاراستنی سەروەریی وڵات و رێگەنەدان بە دەستوەردانی دەرەكی و سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت كردەوە، ئاماژەی كرد، نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئەو خاڵانە لەگەڵ سیستانی كۆكە. 

زیاتر گوتی، لەبارەی سێ خاڵەوە قسەم لەگەڵ سیستانی كرد، لەوانە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراو و بەپێی یاسایەكی دادوەرانە بۆ هەمووان، هەروەها سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و داماڵینی چەكی بەرەڵا و نایاسایی و هەڵدانەوەی دۆسیەی گەندەڵییە گەورەكان و لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران، بۆیە ئەگەر هەڵبژاردن بەو مەرجانە بەڕێوە نەچێت، عێراق رووی لە هەڵدێری مەترسیدارە، ئەو دووپاتی لە گرنگی سیستانی بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان كردەوە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل