بۆچی بۆنی دەم بە بەکارهێنانی دەمامک ناخۆش دەبێت؟

:: AM:11:54:15/09/2020 ‌
بەشێکی زۆری خەڵک هەست بە بۆنی ناخۆشی دەم لەکاتی بەکارهێنانی دەمامک دەکەن، وا دەزانن ئەمە بەهۆی دەمامکەکەوەیە و ئەوەش دوورە لە ڕاستییەوە، د. هەڵۆ تاهیر پزیشکی ددان ڕاستیی ئەم بابەتە ئاشکرا دەکات.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ناسراو بە COVID-19، خەڵکی هەموو وڵاتانی دنیا ناچار بە بەکارهێنانی دەمامک کران، بەڵام بەشێکی زۆری بەکارهێنەران هەستیان بە نائارامیی دەکرد، بەتایبەت لەو کاتانەی دەبوو بۆ ماوەیەکی زۆر دەمامک ببەستن، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەستیان بە بۆنی ناخۆشی دەم دەکرد.

بۆنی ناخۆشی دەم هیچ پێوەندیی بە بەکارهێنانی دەمامکەوە نییە

ئەمڕۆ سێشەم 15ی ئەیلوول، د. هەڵۆ تاهیر پزیشکی ددان لە هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بۆنی ناخۆشی دەم هیچ پێوەندیی بە بەکارهێنانی دەمامکەوە نییە، ئەوەی هۆکاری ئەو بۆنە ناخۆشەیە، وشکیی ناو دەم و نەخۆشی و جگەرەکێشانە.

ڕوونی کردەوە، هەندێک کەس بە سروشتی بۆنی دەمیان ناخۆشە، هەندێکیش جگەرەکێشن و هەندێک کەسی تریش بەهۆی جۆری جیاوازی نەخۆشی و کلۆربوونی ددانەکانیانەوە بۆنی دەمیان ناخۆش دەبێت، کاتێکیش بۆ ماوەیەکی زۆر دەمامک دەبەستن، دەم وشک دەبێت و ئەو بۆنە ناخۆشە بە هەوادا ناچێت و هەر بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە، بۆیە هەست بە ناخۆشیی بۆنی دەم دەکەن و وا دەزانن هۆکارەکەی دەمامکە.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، دکتۆر هەڵۆ گوتی: پێویستە ئەو کەسانەی دەمامک بۆ ماوەیەکی درێژ بەکاردێنن، ماوە ماوە دەستەکانیان بە باشی بشۆن و دەمامک لادەن و ئاو بخۆنەوە، بۆ ئەوەی دەمیان وشک نەبێت و بۆنی ناخۆشی دەم بێزاریان نەکات.

پسپۆران دەڵێن، ئەو کەسانەی لە شوێنە گشتییەکان کار دەکەن و لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا زۆر خەڵک دەبینن و ناچارن بە بەردەوامی دەمامک بەکاربێنن، پێویستە ڕۆژی دوو جار بە لایەنی کەمەوە ددانیان بشۆن و ڕێژەیەکی زۆر زیاتر لە کاتی تر ئاو بخۆنەوە، بەڵام بە پێڕەوکردنی مەرجە تەندروستییەکان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە.


وشە - ڕێناس شابان