کۆرۆنا 37 ملیۆن کەسی هەژارتر کردووە

:: PM:01:28:15/09/2020 ‌
بیل گیتس دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆف دەڵێ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا زۆرێک لە دەوسکەوتەکانی بەرەنگاربوونەوەی هەژاریی لەناو برد و سستبوونی چەرخی پیشەسازی 37 ملیۆن کەسی هەژارتر کردووە.

دامەزراوەی بیل گیتس لە لایەن بەشێک لە رەخنەگران بە کەمتەرخەمی لە بەرهەمهێنانی پێکوتەی کۆرۆنا تۆمەتبار کراوە، بەڵام گیتس بە شپیگڵی ئەڵمانی گوتووە ئەو ناتوانێت بۆشایی دەرچوونی ئەمەریکا لە رێکخراوی تەندروستی جیهانیی پڕ بکاتەوە و ترەمپ لە پەرەسەندنی ژمارەی قوربانیانی کۆرۆنا لە ئەمەریکا بە بەرپرسیار هەژمار دەکات.

هەر لە سەرەتاکانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ترەمپ بە بڕیارێک لە رێکخراوی تەندروستی جیهانیی کشایەوە و یارمەتییەکانی خۆی بۆ ئەو ریکخراوە راگرت.

بەگوێرەی دۆیچەویلە گیتس پێشبینی کردووە لە سەرەتای ساڵی 2021 مۆڵەتی بەرهەمهێنانی یەکەم پێکوتەی کۆرۆنا دەربچێت و بۆ حەوت ملیار کەس لە دانیشتووانی دنیا لانی کەم پێویستییان بە 14 ملیار پێکوتە هەیە.

سەرووی 10 ملیار دۆلاری بۆ بەرهەمهێنانی پێکوتەی جیاواز خەرج کردووە
دامەزراوەی بیل گیتس لە 10 ساڵی رابردووودا سەرووی 10 ملیار دۆلاری  بۆ بەرهەمهێنانی پێکوتەی جیاواز خەرج کردووە  و یەکێکە لەو دامەزراوانەی بۆ بەرهەمهێنانی پێکوتەی کۆرۆناش بودجەیەکی زۆری تەرخان کردووە.



وشە - سلێمان تاشان