وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕای گه‌یاند، له داهاتوویه‌كی نزیكدا كوردستان ده‌بێته خاوه‌نی هێزێكی یه‌كگرتووی نیشتمانی.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 15ی ئهیلوول، شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕای گه‌یاند، پێشمه‌رگه به ئێسته‌یشه‌وه شه‌ڕ له دژی تیرۆریستانی داعش ده‌كات و به هاوكاری وڵاتان سه‌ركه‌وتنی گه‌وره به ده‌ست هاتووه.
داعش به ته‌واوی تێكنهشكاوه
ڕوونیشی كرده‌وه كه ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان ڕۆڵێكی گه‌وره و كاریگه‌ریان له تێكشكاندنی داعش هه‌بووه، بۆیه ئه‌و هاوكاریانه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌رز ده‌نرخێنین و "چاومان له‌وه‌یه كه ئه‌و هاوكاریانه به‌رده‌وام بێت".
وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتی كرده‌وه كه داعش به ته‌واوی تێكنهشكاوه و ئێسته له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كدا له خۆ ڕێكخستنهوهدان، به‌ڵام پێشمه‌رگه ساز و ئاماده‌یه بۆ پاراستنی خاكی كوردستان.
له‌باره‌ی چاكسازی له‌ناو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، وه‌زیره‌كه‌ی حكوومه‌ت گوتی، هه‌نگاوی باشی چاكسازی له‌ناو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه نراوه، به‌ڵام پێویسته قۆناغ به قۆناغ جێبه‌جێ بكرێن و ئێسته له ڕێی حه‌وت لیژنه‌وه كار له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی ده‌كه‌ین.
وه‌زیری پێشمه‌رگه باسی له‌وه‌یش كرد كه له ئاینده‌یه‌كی نزیك هێزێكی یه‌كگرتووی پێشمه‌رگه و هێزێكی نیشتمانی پێكده‌هێنرێ كه له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تی شانازی پێوه بكه‌ین.