لە سەرەتای ئەمساڵەوە 587 کۆمپانیا لە کوردستان دەستبەکار بوون

:: PM:03:46:15/09/2020 ‌
لە ماوەی ساڵی 2020 تا كۆتایی مانگی تەمووز، لە هەرێمی كوردستان بە سەدان كۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی تۆماركراون، وەزارەتی بازرگانیش دەڵی، ئەو کۆمپانیایانە توانیویانە ژمارەیەکی زۆر هەلی کار بۆ گەنجان بڕەخسێنن.
574 كۆمپانیا ناوخۆیین و 13 لەو کۆمپانیایانەش بیانین

هەرێمی كوردستان بۆ كۆمپانیا بیانییەكان هەمیشە جێگەیەکی لەبار بووە و بەهۆیەوە كۆمپانیا توركی و ئێرانییەكان و بەشێك لە كۆمپانیا ئەوروپییەكان لە هەرێمی كوردستان لە بواری بەرهەمهێنان و پیشەسازی و خۆراك و بوارەكانی تر لقیان كردووەتەوە و بەهۆی ئەو كۆمپانیایانەوە هەلی كار بۆ هاووڵاتییان هەرێم رەخساوە.

فەتحی محەمەد، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییانەی لە هەرێمی كوردستان خۆیان تۆماركردووە و لقیان كردووەتەوە، سەرجامەمیان دەستبەكار بوون و ئێستە كاری خۆیان دەكەن.

زیاتر روونی دەکاتەوە، بەشێك لەو كۆمپانیا بیانییانەی لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون و لقیان كردووەتەوە، كۆمپانیا زەبەلاحەكانن، لە بواری بازركانی و بیناسازی، سەرمایەیەكی زۆریان هێناوەتە هەرێمی كوردستان و كار دەكەن، بەهۆی ئەو كۆمپانیایانەشەوە هەلی كار بۆ ناوخۆ رەخساوە.

بەپێی ئامارێك كە بە "وشە" دراوە، لە ماوەی ساڵی 2020، تا كۆتایی مانگی تەمووز، 574 كۆمپانیایی ناوخۆیی نوێ كراونەتەوە و دامەزراون، هەروەها لە بەرانبەردا 13 كۆمپانیایی بیانی تۆماركراون و لقیان كردووەتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی لە بارەی كۆمپانیا بیانییەكانەوە گوتی، ئەو كۆمپانیایانە هی وڵاتانی دراوسێن و چەند كۆمپانیایەكی ئەوروپیشی تێدایە و ئێستە هەموویان دەست بەكار بوون، كۆمپانیای گەورە و مامناوەندن و ئەو کۆمپانیایانە زۆربەیان لە سنووری پارێزگای هەولێر ناویان تۆمار کردووە.

"كۆمپانیا ناوخۆییەكان كۆمپانیای گەورە و مامناوەندیان تێدایە و سەرمایەیان زۆرە، بەڵام ئێمە بەدوای پرسی سەرمایەی ئەو كۆمپانیایانەوە نین و تەنیا ئاگادارین كاری گەورە دەكەن و هەمووشیان دەست بەكار بوون" فەتحی محەمەد وای گوت.

سۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری تۆماری كۆمپانیاكان لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمساڵ هیچ كۆمپانیایەكی بیانی لە سلێمانی تۆمار نەكراوە، بەڵام كۆمپانیای ناوخۆ تۆمار كراون و هەموو كۆمپانیاكانیش دەست بەكار بوون.

وەک ئاماژەی پێ دەدات، كۆمپانیاكان زیاتر لە بواری بیناسازی و بازرگانین، هەركات كۆمپانیای نوێ تۆمار بكرێت، ئەمانە لە رووی ئابوورییەوە سودیان هەیە و هەر كۆمپانیاییەكیش كە دادەمەزرێت، بەپێی قەبارەی خۆیی هەلی كار بۆ چەند كەسێك دەڕەخسێنێت.

ناسر ئیسماعیل، شارەزای بواری ئابووری بۆ "وشە" دەڵێ، كاتێك دۆخی دارایی باش دەبێت، كۆمپانیا نوێ دادەمەزرێن و دەست بە گەشەی ئابووری دەكرێت، بە پێچەوانەشەوە كاتێك دۆخی دارایی خراپ دەبێت، دارایی هاووڵاتییان بەرەو خراپی دەڕوات، كۆمپانیاكان كارەكانیان رادەگرن و هەندێك مایەپوچ دەبن، وەك ئەوەی لە ماوەی سێ بۆ چوار ساڵی رابردوو بەشێك لە كۆمپانیاكان مایەپوچ بوون لە هەرێم.

دووپاتی دەکاتەوە، دامەزراندنی كۆمپانیای نوێ لە هەرێمی كوردستان و لە سەرووی ئەوەشەوە، كردنەوەی لقی نوێی كۆمپانیای بیانی لە هەرێمی كوردستان، مانای باشبوونی دۆخەكەیە لە رووی داراییەوە، هەروەها ئارامی ناوچەكەش دیسان هۆكارێكی ترە بۆ ئەوەی كۆمپانیا نوێ تۆمار بكرێن.

بەپێی ئامارێك، لە ماوەی دوو ساڵدا لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە دوو هەزار و 500 كۆمپانیای ناوخۆیی تۆمار كراون و دامەزراون، لە بەرانبەردا نزیكەی 80 كۆمپانیای بیانی لقیان لە هەرێمی كوردستان كردووەتەوە و لە بوارە جۆراوجۆرەكان کاریان کردووە.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان