گۆڕانكارییەكانی كازمی لە نێوان چەسپاندنی بەشەبەشێنە و لێدانی دەوڵەتی قووڵ

:: PM:07:23:15/09/2020 ‌

دوێنێ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سوودبینین لە رێنوێنییەكانی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای نەجەف بە پەلە بڕیاری گۆڕینی ژمارەیەك بەرپرسی باڵای عێراقی دا، لە بەرانبەردا ژمارەیەك هێزی سیاسی خۆیان لەو گۆڕانكاریانە بێبەری كرد و كەمبایەخیان كرد و بە چەسپاندنی بەشبەشێنەیان لە قەڵەم دا، ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد كە ئەگەری هەیە پەرلەمان رەتی بكاتەوە.  
كازمی پشێوی دەخاتە ناوماڵی شیعە و رووبەڕووی یەكتریان دەكاتەوە
گۆڕانكارییەكانی كازمی 16 پۆستی پلە تایبەتەكانی گرتەوە، لە پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق و ئەمینداری بەغدای پایەتەخت و بەڕێوەبەری بانكی بازرگانی عێراق و سەرانی دەستەكانی حەج و عەمرە و پەڕاوی دارایی و وەبەرهێنان و بریكاری سەرانی هەردوو دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی، جیا لە شەش بریكاری وەزارەتەكانی ناوخۆ و كارەبا و وەرزش و لاوان و كۆچ و كۆچبەران و گواستنەوە، هەروەها دوو بریكارانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی. 

ماجد شنگالی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لەوبارەوە بە "وشە"ی گوت، ئەو گۆڕانكاریانەی دوایی كازمی ئەنجامی دا، زۆر كەسایەتی سیاسی تیادا بوو كە پێشتر پەرلەمانتار بوون یان ئێستە پەرلەمانتارن، وەك بریكاری وەزارەتی وەرزش و لاوان و بریكارانی ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی عێراق، كە پەرلەمانتارن و زۆریان كەسی حزبین و هەندێكیشیان بەناو سەربەخۆن، بەڵام لەخۆیەوە نزیكن، هەرچی ئەنجامدانی گۆڕانكارییە لەو دۆخە و گەڕانەوە بۆ پۆستی بەوەكالەت و دوور لە پەرلەمان بۆ كردنیان بە هەمیشەیی، پێم وایە بەهەمان رێچكەی هەڵەی حكوومەتەكانی پێشوو دەڕوات، دواتر دیاریكردنی كەسانێكی بێ ئەزموون بۆ ئەمینداریەتی پایەتەخت و بانكی ناوەندی، ئەوان هەڵبژاردنی باش و سەركەوتوو نین و دەبوایە كەسانی بە ئەزموونی دیاری كردبایە.

روونی كردەوە، بۆیە ئەو گۆڕانكاریانەی كازمی ئەنجامی دا تەنیا بۆ ئەوە بووە بگوترێ گۆڕانكاری ئەنجام داوە، كەسیش ناتوانێن لێكی بداتەوە كە گۆڕانكارییەكە روو لە باشترە یان نا، رەنگە لێرە و لەوێ بگۆترێت كە گۆڕانەكە لەدەست دەرهێنانی ئەو پۆستانەیە لە هێزە سیاسییە باڵادەستەكان، لێرە دەپرسین دەوڵەتی قووڵ چییە؟، رەنگە پارێزگاری بانكی ناوەندی سەر بە دەوڵەتی یاسا بووبێت، بەڵام پۆستەكانیتر نا، ئەوەی روو دا كازمی ژمارەیەك راوێژكاری هەیە و ئەوان كەسانی نزیك لەخۆیان بۆ پۆستەكان دیاری دەكەن و زۆرینەیان سەر بە حزبەكانن، لەوانە سەر بە رەوتی سەدر و نەسڕ و دەوڵەتی یاسا و فەتح و هێزە عێراقییەكان، ئەوەی باسی هاوسەنگی و پێویستی نیشتمانی بۆ گۆڕانكاری دەكات، تەنیا پاساوە، ئەگەر گۆڕانكاری راستەقینەی بویستبووا دەیتوانی كەسانی تەواو دوور لە حزبەكان بێنێت، بۆیە ئەوانەی گۆڕاون سەربەخۆ یا حزبی بن، ئەوان كەمئەزوونن و سەركەوتوو نابن.  

لای خۆیەوە ئەحمەد خزر، شرۆڤەكاری سیاسی بۆ "وشە"ی روون كردەوە، بەشێك لە هۆكاری گۆڕانكارییەكە لێدانی دەوڵەتی قووڵە، كاتێك پێشان پۆستەكان لەلایەن لایەنێكی دیاریكراوەوە كۆنترۆڵ و قۆرخ كرابوون، ئێستەیش كازمی ناتوانێ بە یەكجار بەشبەشێنە لەناو ببات، ئەوە ئەستەمە، چونكە بەشبەشێنە لە ترووپكی هەڕەمی دەوڵەتەوە شۆڕبووەتەوە ناو هەموو كایەكان، بۆیە لاوازكردنی بەشبەشێنە و گۆڕینی كارەكتەرەكانی بە كەسانی تەكنۆكرات، هەردەبێت حزبەكان كەسایەتییە نوێیەكان دیاری بكەن، چونكە لە 2003ەوە ئەو حزبانە هەر كەسایەتی لاواز و بێتوانا و گەندەڵیان دیاری كردووە، كە ملكەچی ئەوان بن، بۆیە ئەوە كێشەیەكی گەورەی دەوڵەت بوو، مادەم حزبەكان خۆیان كەسانی تەكنۆكرات و بە توانایان دیاری كردبێت، ئەوە قبووڵكراوە.

دوای ئەوەی گۆڕانكارییەكانی كازمی لە راگەیاندنەكان بڵاو بووەوە، كاردانەوەی جیاجیای لەلایەن هێزە سیاسییەكان و فراكسیۆنەكانیان لێ كەوتەوە، زۆرینەی لایەنە شیعە باڵادەستەكان دژی گۆڕانكارییەكە وەستان، ئەوان داوایان لە كازمی كرد كە گۆڕانكارییەكان هەڵبوەشێنێتەوە، چونكە دوور لە ویستی ئەوان كراوە و دەبێت دانانی هەر پۆستێك لە سەرووی بەڕێوەبەری گشتی، بخرێتە پێش پەرلەمان و ئەگەر لیستی گۆڕانكارییەكی كازمی لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، زۆرینەیان رەت دەكرێنەوە.  

لەگەڵ ئەو رەتكردنەوە رووكەشەی بەشێك لە هێزە سیاسییەكانی وەك سائیروون و فەتح و دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانی نەسڕ پێی وایە ئەو گۆڕانكارییەی دوایی كازمی هەنگاوێكی بوێرانەیە، هادی عامری، سەركردەی هاوپەیمانی فەتح بێبەری بوونی خۆی لەو گۆڕانكاریانە دەربڕی كە زانیاری لەبارەوە نەبووە، دووپاتی كردەوە كە دوو شتیان لە كازمی دەوێت، یەكەم دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا و دووەم سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و ئامادەكردنی كەشێكی لەبار بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و دادوەرانە و دوور لە كاریگەری چەك و پارەی سیاسی.

لەوكاتەی هاوپەیمانیەكەی سەدر دووپاتی كردەوە كە دووبارە گەڕاینەوە بەشبەشێنە و فەرمانڕەوایەتی گەندەڵكاران و لاوازكردنی دەوڵەت و دامەزراوە خزمەتگوزارییەكان و تەناهی و حكوومەتییەكان، بۆیە ئەگەر لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران نەكرێ و ئەو بەشبەشێنە هەڵنەوەشێتەوە، دێینە گۆڕەپانەكە و پێویستە سائیروون بێبەری بن لەو گۆڕانكاریانە ئەگینا پشت لە هەمووان دەكەین و ریشەكێشكردن دەست پێ دەكات.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل