عێراق.. تەقینەوەیەكی تر هاوپەیمانان دەكاتە ئامانج

:: PM:09:21:15/09/2020 ‌

بەمدواییە ئاستی هێرشكردن بۆ سەر ئامانجی هاوپەیمانان لە عێراق رووی لە هەڵكشان كردووە، شانەی راگەیاندنی جەنگ دووپاتی كردەوە لە پارێزگای بابل بۆمبێكی چێنراو بە كاروانێكی گواستنەوەی پاڵپشتی لۆجیستی هاوپەیمانان تەقیوەتەوە و زیانی نەبووە.
هێرشی دژ بە هاوپەیمانان دەبێتە رۆژانە
بەپێی بەیاننامەیەكی كورتی شانەكە ئەمڕۆ سێشەم بڵاو كرایەوە، كاروانێك كە كەرەستەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەگواستەوە كە لە عێراق پاشەكشە دەكەن، ئەوان لە رێگەی كۆمپانیا و شوفێری عێراقی كەرەستەكان دەگوازنەوە، لە شارەدێی نیل لە سنووری پارێزگای بابل رووبەڕووی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو هاتەوە، بەڵام تەقینەوەكە تەنیا زیانی بە ئۆتۆمبیلێك گەیاند و زیانی گیانی نەبووە. 

ئەمە و دوێنێ لە هەردوو پارێزگای بابل و دیوانییە، دوو تەقینەوەی هاوشێوە بە كاروانی ئۆتۆمبیڵەكانی كەرەستەی هاوپەیمانان دەگوازنەوە رووی دا، ئەگەرچی هیچ گرووپێك بەرپرسیارەتی خۆی لەو هێرشانە راناگەیەنێت، بەڵام واشنتن میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران ئە ئەنجامدانیان تاوانبار دەكات، بەتایبەتی حزبوڵا و نوجەبا.

ئەمڕۆ باڵوێزخانەی بەریتانیا لە عێراق رای گەیاند كە بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلێكی دیپلۆماسی باڵوێزخانەكە لە بەغدا لە نزیك ناوچەی سەوز تەقیوەتەوە، بێ ئەوەی زیانی لێ كەوتبێتەوە، لەوكاتەی هێزە تەناهییەكانی عێراق رایان گەیاند كە بۆمبێكی چێنراویان لە رێگەی فڕۆكەخانەی بەغدا پووچەڵ كردووەتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل