هێزێكی تایبەتی عێراق گەندەڵەكان دەگرێت

:: AM:10:33:16/09/2020 ‌
دوای ئەوەی گوتەبێژێك بەناوی سەرۆك وەزیرانی عێراق مستەفا كازمی دووپاتی كردەوە، هێزەكانی نەهێشتنی تیرۆر و لیژنەی باڵای لەناوبردنی گەندەڵی، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی خانەنشینی گشتی ئەحمەد ساعدی و شەش بەرپرسی تری بەتۆمەتی گەندەڵی گرتووە.
بەمزووانە ژمارەیەكی تریش لە بەرپرسان دەگرن كە تۆمەتی گەندەڵییان لەسەرە

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ چوارشەم 16ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، هێزێكی نەهێشتنی تیرۆر بە سەركردایەتیی فەریق ئەحمەد ئەبورەغیف تایبەت بە لەناوبردنی گەندەڵی، دوێنێ سێشەم بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی خانەنشینی گشتی ئەحمەد ساعدی لە بەغدا بەتۆمەتی گەندەڵی گرت، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەم لە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە ئامادە بێت.

بەپێی سەرچاوەكانی عێراقی هێزێكی سەربازیی ئەحمەد ساعدیی گرتووە كە ئەویش بەپێی فەرمانی سەرۆك وەزیران بووە، هاوكات شەش بەرپرسی تریشیان بە هەمان تۆمەت گرتووە.

بەپێی "ئیلاف"، هەمان هێزی سەربازی بۆ لەناوبردنی گەندەڵی، بەمزووانە ژمارەیەكی تریش لە بەرپرسان دەگرن كە تۆمەتی گەندەڵییان لەسەرە.

لە سەرەتای ئەم مانگە "ئەیلوول"، مستەفا كازمی لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ لێكۆڵینەوە لە پرسی گەندەڵی بە سەرۆكایەتیی فەریقی دادوەر ئەحمەد ئەبورەغیف، لەگەڵ ئەندامانی لیژنەكە لە دەزگەی هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی و دەستەی نەزاهە، ئەنجامی لێكۆڵینەوانیان ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن.

ئەحمەد ساعدی بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی خانەنشینی گشتی كە ئێستە گیراوە، لەجێی ئەو ئەیاد مەحموود دامەزراوە و دەستبەكار بووە.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د