پشكنینی گەرمی لەش هیچ كاریگەرییەكی لەسەر رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا نییە

:: AM:11:33:16/09/2020 ‌
لەگەڵ لابردنی رێوشوێنەكانی كەرەنتین لە شارەكان و كردنەوەی دەرگای چێشتخانە و كافتریا و شوێنە گشتییەكان، رێوشوێنی تری وەك پشكنینی گەرمی لەش بۆ كڕیاران ئەنجام دەدرێ، بەڵام توێژینەوەیەك ئەوەی سەلماندووە ئەم هەنگاوە هیچ سوودێكی نییە.

ئەوەی زۆربەی زانایان لە كاتی لابردنی رێوشوێنەكانی كەرەنتین پێداگری لەسەر دەكەن، بریتییە لە بەستنی دەمامك و كەمكردنەوەی قەرەباڵغی و هەندێك رێنوێنیی تر، بەڵام زانینی پلەی گەرمی لەشی خەڵك هیچ هاوكارییەكی دۆخەكە ناكات.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز، دێڤید پالتیل پرۆفیسۆر و پسپۆڕی تەندروستی لە زانكۆی یەل دەڵێت، بەرلەوەی هیچ نیشانەیەكی كۆرۆنا لە لەشی كەسێك بەدیار بكەوێت، دەكرێ كەسەكە رۆڵی زۆر باڵای هەبێ لە گواستنەوەی ڤایرۆس و زۆر لەوانەش كە تەنانەت كۆرۆناشیان هەیە، هەموو كاتێك تایان نییە یان ئەو نیشانەیان هەر لێ دەرناچێت تا بەهۆیەوە رێ لە گواستنەوەی ڤایرۆسەكە بگرن.

30%یان تایان هەبووە و 70%یان هیچ نیشانەیەكی تا لە لەشیان بەدیار نەكەوتووە.
بەپێی توێژینەوەیەك، 30 هەزار كەسی تووشبووی كۆرۆنا كە لە بەهاری ئەمساڵ لە نەخۆشخانەیەكی ئەمەریكا پێشوازییان لێ كراوە، تەنیا 30%یان تایان هەبووە و 70%یان هیچ نیشانەیەكی تا لە لەشیان بەدیار نەكەوتووە.
 
سەنتەرێكی كۆنترۆڵی كۆرۆناش لە ئەمەریكا بڵاوی كردەوە، ئەوانەی تووشی كۆرۆنا بوون، پرسیاری ئەوەیان لێ كراوە لە دوو هەفتەی رابردوودا لە هیچ چێشتخانەیەك نانیان خواردووە، ئەوانەی هەڵگری ڤایرۆسەكە بوون، دوو هێندەی ئەوانەی ڤایرۆسەكەیان نەبووە، سەردانی رێستۆرانتەكانیان كردووە.


وشە - سلێمان تاشان