رووسیا پێشوازی لە رێككەوتنی نێوان ئیسرائیل و دوو وڵاتی عەرەبی كرد

:: PM:12:10:16/09/2020 ‌
دوای ئەو رێككەوتنەی بە فەرمی لە لایەن بەحرێن و ئیمارات و ئیسرائیل بە ناوبژیوانی ئەمەریكا لە كۆشكی سپی واژوو كرا، رووسیاش هەڵوێستی خۆی دەربڕی و پێشوازی لە هەنگاوەكە كردووە.

بەگوێرەی سپوتنیك، میخایل بوگدانۆف جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا و نوێنەری تایبەتیی سەرۆكی ئەو وڵاتە بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست  و ئەفریقا گوتی، رێككەوتنی ئیسرائیل لەگەڵ ئیمارات و بەحرێن بە ئەنجامەكانی گرێ دراوە و هیوای خواست ئاشتی و ئارامی لە ناوچەكە بەدی بهێنێت.

رێككەوتنەكە زۆر گرنگتر دەبێت ئەگەر بەهۆیەوە لە دواڕۆژدا كێشەی فەلەستین چارەسەر بكرێت
ئەو گوتی رێككەوتنەكە زۆر گرنگتر دەبێت ئەگەر بەهۆیەوە لە دواڕۆژدا كێشەی فەلەستین چارەسەر بكرێت، هەر جۆرە لێكدانەوە و هەڵسەنگاندنێكی تری رێككەوتنەكە بە رووداوەكانی داهاتوو گرێ دراوە.

جگە لە لایەنەكانی فەلەستین، ئێران و توركیا دوو لایەنی سەرەكی بوون كە دژی رێككەوتنەكە هەڵوێستیان هەبووە و زۆربەی چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە، ئەو هەنگاوە بە بردنەوەیەك بۆ وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل و دۆڕانێكی تری ئێران لە هاوكێشەكانی ناوچەكە هەژمار دەكرێت.



وشە - سلێمان تاشان