لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، ئەنجوومەنی شارەوانییەكان بە زۆرینەی دەنگ پەسەند كرا و سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی دیاری كران.
ئەمڕۆ چوارشەم 16ـی ئەیلوول، لە دانیشتنی ژمارە 80ـی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، عەبدولواحید ئەحمەد سەرۆكی شارەوانی هەولێر، وەك سەرۆكی ئەنجوومەنەكە دەستنیشان كراوە و تەواوی ئەنجوومەنەكە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند كرا.
كاری سەرەكییان بریتییە لە كارئاسانی بۆ كاروباری هاووڵاتییان
ئەنجوومەنی شارەوانییەكان، لە 21 ئەندام پێك هاتووە و كاری سەرەكییان بریتییە لە كارئاسانی بۆ كاروباری هاووڵاتییان.
لە كۆبوونەوەكەدا ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێریش، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنەكە دەستنیشان كرا لەگەڵ ئەندامیەتیی هەشت بەڕێوەبەری گشتیی تر و شەش بەڕێوەبەری فەرمانگەكانی هەولێر و نوێنەرانی پێنج سەندیكا و ژووری سنووری پارێزگاكە.
كەنعان خەیلانی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی شارەوانییەكانی هەولێر ئەمڕۆ متمانەیان پێ درا.
پێكهێنان و زیندووكردنەوەی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان، بەمەبەستی كارئاسانی و بڕیاردانە لەسەر بڕیارە گرنگەكانی ناو شارەكان و نەهێشتنی ڕۆتین.