"پشكی كورد لە خولی ئەفسەرانی عێراق دەدرێت"

:: PM:01:36:16/09/2020 ‌
دوای بڵاوبوونەوەی لیستی ناوی ئەو كەسانەی لە خولی ئەفسەرانی عێراق وەرگیراون، دەركەوت جگە لە ناوی عەرەب و توركمان، ناوی ھیچ كوردێكی تێدا نەبوو، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتی، لەگەڵ وەزیری بەرگریی حكوومەتی عێراق  قسەمان كردووە و بەڵێنی داوە كە پشكی كوردیش بدات.
كورد لە خولی ئەفسەرانی عێراق بێبەش نابێت

ئەمڕۆ چوارشەم 16ی ئەیلوول، دكتۆر ناسر ھەركی بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، راستە لیستێك بڵاو بووەتەوە و باس لەوە دەكرێت ناوی ئەو كەسانەیە كە لە خولی ئەفسەرانی عێراق وەرگیراون و زیاتر لە 600 كەسن، بەڵام ناوی ھیچ كوردێكی تێدا نییە جگە لە عەرەب و توركمان، بەڵام پێویستە كوردیش ھاوشێوەی پێكھاتەكانی تر پشكی خۆی ھەبێت و ناكرێ بێبەش بكرێن.

زیاتر روونی دەكاتەوە، ئێمە بەدواداچوونمان بۆ ئەو پرسە كردووە و لەگەڵ وەزیری بەرگریی حكوومەتی عێراق قسەمان كردووە، ئەویش بەڵێنی داوە كە كورد لە خولی ئەفسەرانی عێراق بێبەش نابێت و پشكی كوردیش دەدەن ھاوشێوەی پێكھاتەكان.

"ئەوانەی باس لە بێبەشكردنی كورد دەكەن، راست نییە و كوردیش بەشی خۆی دەبێت، بەڵام دیار نییە لەو كەسانەی وەردەگیرێن چەند كەسی كورد دەبێت و چ رێژەیەك بەر كورد دەكەوێت، چونكە كوردیش بەشێكە لە عێراق و پێویستە لە ھەموو پۆستەكان پشكی خۆی ھەبێت". ناسر هەركی وای گوت.

ئەمە لە كاتێكدایە لیستێك بە ناوی ئەو كەسانە بڵاو كراوەتەوە كە زیاتر لە 600 كەسن بۆ خولی ئەفسەرانی عێراق و ھیچ ناوێكی كوردی تێدا نییە.

هەولێر/ بڵند ئیبڕاهیم



وشە - هیدایه‌ت جان

ئه‌م بابه‌ته 489 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌