سەرەداوی تاوانبارانی كوشتنی خێزانە كوردەكەی بەغدا ئاشكرا دەبێ

:: PM:02:17:16/09/2020 ‌
بەرپرسانی حزبی و پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا باس لەوە دەكەن، تاوانی كوشتنی ماڵباتێكی كورد لە بەغدا كارێكی ئاسان نییە و سەرەداوی تاوانەكەش ئاشكرا بووە.
تاوانەكە لەرێی چوار كەسەوە ئەنجام دراوە كە هەمووان جلی سەربازییان لەبەر بووە

ئەمڕۆ چوارشەم 16ی ئەیلوول، شوان محەمەد بەرپرسی لقی پێنجی بەغدای پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، ئەو پزیشكە كوردە خاتوو شیلان دارا، لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا چارەسەری بریندارانی خۆپێشاندانەكانی كردووە، بۆیە دوور نییە رەوتی دژ بە خۆپێشاندانەكان لە پشتی كوشتنەكەیەوە بن.

زیاتر روونی دەكاتەوە، هەرچەند ئەنجامدانی تاوان لە بەغدا كارێكی ئەستەم نییە و دوور نییە هۆكاری نەتەوەیی لە پشتەوە بێت و لەلایەن عەرەبی شۆڤێنییەوە ئەو تاوانەیان لە دژ ئەنجام درابێت.

ئازاد حەمید پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ "وشە"دووپاتی كردەوە، داوایان لە هێزە تەناهییەكان كردووە بەزوویی لێكۆڵینەوە ئەنجام بدەن و تاوانباران بدۆزرێنەوە.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە هۆشداری ئەوەیش دەدات، نەدۆزینەوەی تاوانبارەكان دەبێتە هۆكارێكی سەرەكی بۆ ئەوەی كوردانی بەغدا بە ناچاری ماڵوحاڵی خۆیان جێ بهێڵن و روو لە كوردستان بكەنەوە.

"وشە" لە زاری پۆلیسی كۆمەڵگەیی بەغداوە ئەوەی زانیوە كە تاوانەكە لەرێی چوار كەسەوە ئەنجام دراوە كە هەمووان دەمامكیان پۆشیوە و جلی سەربازیشیان لەبەر بووە، بۆ ئەنجامدانی تاوانەكەش دەمانچەی بێدەنگ و چەقۆیان بەكار هێناوە.

ماڵباتی د. شیلان دارا رەئووف لە گەڕەكی مەنسووری بەغدان و خۆیان خەڵكی سلێمانین، خۆی و باوكی دایكی دوای كوشتنیان جەستەیان شێوێنراوە.

گەرمیان/ سەبری هرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان