له شه‌وێكی گه‌رمی به‌غدادا، ڕووداوێك ڕووی دا و ئازاره‌كه‌ی بۆ كوردستان بوو، به‌غدا ئه‌و شاره‌ی كه هه‌رگیز سه‌قامگیری كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ناهیی تێیدا جێگیر نابێت، ئه‌مجاره‌یان خێزانێكی كورد به‌شێوه‌یه‌كی دڕندانه كران به ئامانج و سه‌ربڕان.
له ناوچه‌ی مه‌نسووڕی رۆژئاوای به‌غدا، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراو خێزانێكی سێ كه‌سی كوردیان سه‌ربڕی، به‌وه نه‌وه‌ستان سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و ماڵه‌یشیان تاڵان كردووه.
ڕووداوه‌كه به‌و جۆره بووه كه چه‌ند كه‌سێك هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ر ماڵی پزیشكێكی ده‌رمانساز له ناوچه‌ی مه‌نسووڕییه، سێ كه‌سیان كوشتووه كه باوك و دایك و كچێك بوون و كوردن، تاوانه‌كه‌یش له‌رێی چه‌قۆوه ئه‌نجام دراوه و باوك و كچه‌كه‌یان سه‌ربڕیوه و دایكه‌كه‌شیان به‌چه‌قۆ كوشتووه.
رووداوه‌كه ئاسان نییه و كاردانه‌وه‌كانیشی به خێرایی لێ كه‌وته‌وه
لایه‌نی ته‌ناهیی له به‌غدا ده‌ڵێن، ئه‌و كه‌سانه‌ی چوونه‌ته سه‌ر ماڵه‌كه ئامانجی دزیكردنیشیان هه‌بووه، بۆیه دوای ئه‌و تاوانه و كوشتنی ئه‌و خێزانه، سه‌روه‌ت و سامانی ماڵه‌كه‌یان دزیوه و به‌ره‌و شوێنێكی نادیار هه‌ڵاتوون.
شیلان دارا ده‌رچووی كۆلێژی ده‌رمانسازیی زانكۆی به‌غدایه و كچی تاقانه‌ی دایك و باوكیه‌تی له ساڵی 2016وه دانیشتووی مه‌نسوورییه‌ی ئه‌و شاره‌یه، ده‌رمانساز بوو له شاری پزیشكیی به‌غدا له به‌شی نه‌خۆشییه شێرپه‌نجه‌ییه‌كان.
هه‌روه‌ها ژنی ماڵه‌كه‌یش ناوی عالیه ره‌شیده و پزیشكی ده‌رمانسازه و پێشتر پله‌ی شاره‌زای هه‌بوه له دامه‌زراوه‌یه‌كی ئاینی خێرخوازیدا كاری كردووه، ماوه‌ی دوو ساڵیشه خانه‌نشین بووه، پیاوه‌كه‌یش ناوی دارا ره‌ئووفه.
رووداوه‌كه ئاسان نییه و كاردانه‌وه‌كانیشی به خێرایی لێ كه‌وته‌وه، ته‌نانه‌ت چه‌ند سه‌عاتێك دوای ڕووداوه‌كه ده‌زگا فه‌رمییه‌كان سه‌ركۆنه‌یان كرد و شه‌قامی كوردیش به‌و ڕووداوه خرۆشاوه، تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پڕ بوون له وێنه‌ی ئه‌و خێزانه و سه‌ركۆنه‌كردنی ڕووداوه‌كه‌ن، ده‌یان لێكدانه‌وه‌ی جۆراوجۆری بۆ ده‌كرێ.
به‌شیر حه‌داد جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له به‌یاننامه‌یه‌كدا رای گه‌یاند، به توندترین شێوه سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و كرده‌وه نامرۆڤانه‌یه ده‌كه‌ن كه به‌رانبه‌ر به‌خێزانێكی ناوچه‌ی مه‌نسووڕی به‌غدا ئه‌نجام دراوه، كه بووه هۆی كوژرانی دارا ره‌ئووف، عالیه ره‌شید نه‌جمی هاوژینی و شیلانی كچه‌كه‌یان كه پزیشكی ده‌رمانسازه، به‌كرده‌وه‌یه‌كی دڕندانه و ترسنۆكانه كوژران.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئاشكرا بووه كه ئه‌و پزیشكه كورده شیلان دارا، له گۆڕه‌پانی ته‌حریر له به‌غدا چاره‌سه‌ری بریندارانی خۆپێشاندانه‌كانی كردووه، بۆیه دوور نییه ره‌وتی دژ به خۆپێشاندانه‌كان له پشتی كوشتنه‌كه‌یه‌وه بن. ئه‌وه‌یش لێكدانه‌وه‌یه‌كی تره بۆ ڕووداوه‌كه ده‌كرێ به تایبه‌ت كه له ماوه‌ی ڕابردوو چه‌ندان چالاكی سیاسی و خۆپێشانده‌ر له به‌غدا كوژران.
له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانی كوردستانیش رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ركۆنه‌ی ڕووداوه‌كه‌ی كرد و ڕای گه‌یاند، به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه رووداوی كوشتنی خێزانێكی كورد له‌به‌غدا سه‌ركۆنه ده‌كه‌ین.
هه‌ندێك له په‌رله‌مانتارانی كورد له به‌غدا وریایی ده‌ده‌ن له نه‌دۆزینه‌وه‌ی تاوانباره‌كان و ده‌ڵێن، نه‌دۆزینه‌وه‌ی تاوانبارانی ئه‌و ڕووداوه، ده‌بێته هۆكارێكی سه‌ره‌كی بۆ ئه‌وه‌ی كوردانی به‌غدا به ناچاری ماڵوحاڵی خۆیان جێ بهێڵن و روو له كوردستان بكه‌نه‌وه.
"وشه" له زاری پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی به‌غداوه ئه‌وه‌ی زانیوه كه تاوانه‌كه له‌رێی چوار كه‌سه‌وه ئه‌نجام دراوه كه هه‌مووان ده‌مامكیان پۆشیوه و جلی سه‌ربازیشیان له‌به‌ر بووه، بۆ ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌ش ده‌مانچه‌ی بێده‌نگ و چه‌قۆیان به‌كار هێناوه.
ماڵباتی د. شیلان دارا ره‌ئووف له گه‌ڕه‌كی مه‌نسووری به‌غدان و خۆیان خه‌ڵكی سلێمانین، خۆی و باوكی دایكی دوای كوشتن‌یان جه‌سته‌یان شێوێنراوه.
ئه‌وه یه‌كه‌مجار نییه كه له‌به‌غدا ڕووداوی له‌و شێوه‌یه ڕوو ده‌دات، به‌ڵام ئه‌و ڕووداوه‌یان به جیاوازتر له پێشوو داده‌نرێ كاتێك به‌و شێوه‌یه دڕنده‌ییه خێزانێكی كورد سه‌رببڕێن، ئه‌وه جارێكی تر سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه كه هه‌رگیز ره‌وشی ته‌ناهیی له به‌غدا سه‌قامگیر نابێت.