سبەی پڕۆژەیەكی نوێی كارەبا لە هەولێر دەكرێتەوە

:: PM:04:36:16/09/2020 ‌
بڕیارە سبەی پێنجشەم پڕۆژەیەكی تری كارەبا لە هەولێر بكرێتەوە كە كۆتایی بە كێشەی پچڕانی كارەبا لە سنووری شارەدێی كەسنەزان لە رۆژهەڵاتی هەولێر دەهێنێت.

ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەریمی كوردستان بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، پڕۆژەكە لە ژێر چاودێری مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت و وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كردنەوەی پڕۆژەكە ئامادە دەبێت.

ئەو روونی كردەوە رێوڕەسمەكە سەعات 10 ی پێش نیوەڕۆ دەست پێ دەكات، هەنگاوەكە بریتییە لە دەرهێنانی كۆمەڵێك ڤیدەری كارەبا و بەستنەوەی وێستگەی كارەبای كەسنەزان بە هێڵی پاڵەپەستۆی بەرزی 132 كەیڤی.
بەو پڕۆژەیە کێشەی پچڕانی کارەبا لە سنوورەکە چارەسەر دەبێت

ئەو گوتی، بارگرانییەكی زۆر لەسەر كارەبای سنوورەكە هەبوو و حاڵەتەكانی پچڕانی كارەبا زۆر بوو، بەم پڕۆژەیەش ئەو كێشەیە چارەسەر دەكرێت.

پێویستە بگوترێ پڕۆژەكە بە گوژمەی زیاتر لە 460 ملیۆن دینار لەلایەن كۆمپانیای دڵسۆز زووتر لە مۆڵەتی دیاریكراو تەواو كراوە.

سەرەڕای ئەو تەنگژە داراییەی رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان كۆڵی نەداوە.



وشە - سلێمان تاشان